سەردێڕ:

کۆنگرەیەکی جیهانی سەبارەت بە ئێران بەڕێوەدەچێت

کۆنگرەیەکی جیهانی سەبارەت بە ئێران بەڕێوەدەچێت
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-12

2141 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی پۆڵەندا مانگی داهاتوو کۆنگرەیەکی جیهانی سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئێران بەتایبەتی، بەڕێوەدەبەن.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارە کۆنگرەکە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی مانگی شوباتی داهاتوو لە شاری وارساو لە پۆڵەندا ئەنجام بدرێت.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، ٧٠ وڵات بانگهێشتی ئەو کۆنگرەیە کراون کە لە نێویاندا تەواوی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا هەیە.

پۆمپیۆ ڕاشیگەیاندووە "سەرنجی کۆنگرەکە لەسەر سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی و ئازادی و ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا جەخت دەکرێتەوە لەسەر ئەوەی ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە نابێت".

لەلایەکی دیکەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئیدانەی ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیەی کرد و بە "سێرکێکی نائومێدانەی دژ بە ئێران" ناویبرد.

ش.ق