سەردێڕ:

تارا حسێن و فەرهاد محەمەدی تەمەن سێ ساڵ ئازادکران

رۆژی رابردوو دەستگیرکرابوون
تارا حسێن و فەرهاد محەمەدی تەمەن سێ ساڵ ئازادکران
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-12

2857 جار خوێندراوەتەوە

تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و هەشت ژنی دیکە و فەرهاد محەمەدی تەمەن سێ ساڵ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئازادکران.

سۆران حسێن برای تارا حسێن بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی ڕاگەیاند، تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و هەشت ژنی دیکە لە زیندان ئازادکراون.

راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەوانەی دەستگیرکراون گروپ گروپ جیاکراونەتەوە بۆیە تا ئێستا ڕوون نیە ئەندامی دیکەی ژن لە زیندانەکان ماون یان نا بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پیاوانەی دەستگیرکراون ئازاد نەکراون.

ڕوونیشیکردەوە، وێڕای فشارەكانی هەمووان، ئەو نۆ ژنە لە دوێنێ وە لە ئاسایش مانیان گرتووەو تەنانەت ئاویشیان نەخواردووەتەوە.

ڕاشیگەیاند، لەگەڵ ژنە ئازادکراوەکاندا فەرهاد محەمەدی تەمەن سێ ساڵیش ئازادکراوە.

دوێنێ هەینی ١١ی کانوونی دووەم، دوای ئەوەی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ویستیان لە سەکۆی ئازادی ناو پارکی ئازادی فیلمێکی تایبەت بە ژیان و خەباتی ساکینە جانسز نمایش بکەن، هێزەکەی ئاسایش ڕێگریانکرد و  ٥٢ کەسی لێ دەستگیرکردن کە لە نێویاندا تارا حسێنی وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و هاوسەرۆکانی تەڤگەری تێدابوو.

ئـ.فـ