سەردێڕ:

سەنتەری میترۆ: دەستگیرکردنی چالاکانی مەدەنی لە هەڵكشاندایە

لۆگۆی سەنتەری میترۆ
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-12

573 جار خوێندراوەتەوە

سەنتەری میترۆ رایگەیاند، دەستگیرکردنی چالاكانی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵكشاندایە و داواشی لە ئاسایشی سلێمانی کرد، بەزووترین کات ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی ئازاد بکات.

سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "فەرزكردنی كۆتوبەند لەسەر فەزای مەدەنی هەوڵێكی شكستخواردووی هێزە ئەمنییەكانە بۆ بێدەنگكردنی خەڵك لە ئاست ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەكرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە نیگەرانییەوە چاودێری ئەو هەڵمەتە دەكات كە بە شێوەیەكی فراوان لە شارەكانی سلێمانی‌ و كەلار و قەڵادزێ دەستیپێكردوە، دەیان چالاكوانی مەدەنی‌ و هەڵسوڕاوی سیاسی دەستبەسەركراون، هەندێكیان بە كەفالەت ئازادكراون ‌و ئەوانی تر جارێ دەستبەسەرن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هێزە ئەمنییەكان لەو شارانەدا هەڵدەكوتنە سەر هەر چالاكییەكی مەدەنی كە پەیوەندیدارە بەو هێزانەی دژایەتی حكومەتی توركیا دەكەن، خۆپیشاندان‌ و گردبوونەوەی لەو چالاكوانانە قەدەغەكردووە، تا كار گەیشتە داخستنی هۆڵی سینما سالم لە شاری سلێمانی".

سەنتەری میترۆ داواشی کردووە، دەستبەجێ ئەو کەسانە ئازادبکرێن کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراون.

دوای ڕێگریکردن لە نمایشی فیلمی تایبەت بە ژیان و خەباتی ساکینە جانسز لە سینەما سالمی شاری سلێمانی، رۆژی هەینی (١١ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) تەڤگەری ئازادیی بڕیاریدا لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی فیلمەکە نمایشبکات، دواتر هێزێکی زۆری ئاسایش لە دەوروبەی پارکی ئازادی و ئەو شوێنەی بڕیاربوو فیلمەکەی تێدا نمایشبکرێت کۆبونەوە و ڕێگەیان نەدا فیلمەکە نمایش بکرێت، هەر بەوهۆیەشەوە تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی دەستگیرکران.

ش.ق