سەردێڕ:

فرسەت سۆفی: لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەینەوە

فرسەت سۆفی ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-12

1117 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، رێناس عەلی

فرسەت سۆفی ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دەستپێدەکەنەوە.

لە میانی بەڕێوەچوونی دیبەیتێک لە هەولێر، سەبارەت بە رۆڵی حزبەکان لە قۆناغی ئێستای هەرێمدا، فرسەت سۆفی رایگەیاند، لەم قۆناغەی ئێستادا گرنگە مۆدێلێکی نوێ لە کوردستان پێشکەش بکەین و پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان حکومەت و حزبی سیاسی دابڕێژینەوە کە لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا و لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بە جددی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەینەوە و لێکتێگەیشتنی باشیش هەیە لە نێوان ئەو لایەنانەدا کە دەیانەوێت بەشدار بن لە حکومەتدا.

فرسەت سۆفی راشیگەیاند، "گەشبینم بەوەی کە بەمزووانە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکدەهێنرێت".

ئەمڕۆ ١٠٤ رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەشدا پارتی و یەکێتی چەندین جار بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کۆبوونەتەوە بەڵام تا ئێستا سەبارەت بەو پرسە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

ش.ق