سەردێڕ:

بوڵتن: سەبارەت بە پاراستنی کورد گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و تورکیا بەردەوامە

گفتوگۆکانیان هەتا هەفتەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-12

1543 جار خوێندراوەتەوە

جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن سەبارەت بە کورد  و سوریا، گفتوگۆکانی نێوان سوپای ئەمەریکا و تورکیا هەتا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبن، و بۆ پاراستنی هێزە کوردییەکان ئەگەر پێویست بکات لەگەڵ ڕوسیاش گفتوگۆ دەکەین.

بۆڵتن بە میدیاکانی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی لە ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا وەرگرتووە کە هێزە کوردییەکان پارێزراو دەبن، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە گۆڕاوەو ئاڵۆزبووە.

ڕاشیگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان سوپای ئەمریکا و تورکیا سەبارەت بە کورد و سوریا هەتا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، و بەهیوای گەیشتن بە ئەنجامێک کە هەردوو وڵات قبوڵی بکەن.

ڕوونیشیکردووەتەوە، "بۆ پاراستنی هێزە کوردییەکان ئەگەر پێویست بکات لەگەڵ ڕوسیاش گفتوگۆ دەکەین".

پێشتریش بۆڵتن ڕایگەیاندبوو،  پاراستنی کوردەکانی هاوپەیمانی واشنتۆن مەرجی پێشوەخت دەبێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، سوپای ئەمریکا دەیان تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی دیکەى لە سەربازگەى ڕومێلان لە حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کشاندووەتەوە.

هاوکات کەناڵى سی ئێن ئێن لەزارى بەرپرسێکى ئیدارەى ئەمریکاوە گواستییەوە، دەستکردن بە پڕۆسەى کشانەوەى چەک و کەرەستە سەبازییەکان سەرەتاى پرۆسەى کشانەوەیانە لە سوریا.

رۆژى ١٩ى مانگى رابردوو دۆناڵد ترەمپ بریاریدا هێزەکانى وڵاتەکەى لە سوریا بکشێنێتەوە، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا کە تا ئێستاش بەردەوامە.

ئـ. فـ