سەردێڕ:

کەنەدا مافی پەنابەری دەبەخشێتە کچە هەڵاتوویەکی سعودیە

ڕەهەف ئەلقنون ئەو کچە سعودییەی کە لە کەسوکاری هەڵاتووە
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-12

5645 جار خوێندراوەتەوە

ئەو کچە سعودییەی کە لە کەسوکاری هەڵاتووە و لە تایلاند خۆی حەشارداوە، مافی پەنابەری لە کەنەدا پێبەخشرا و  بەرەو ئەو وڵاتە دەڕوات.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە،  ڕەهەف ئەلقنون ئەو کچە سعودییەی کە لە دەست کەسوکاری هەڵاتووە، لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی کۆرییەوە گەشت بۆ کەنەدا دەکات.

پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا رەهەف بە هۆی  ئازاردان و هەڕەشەلێکردنەوە لە کەسوکارەکەی هەڵهاتووە و چووەتە تایلاند و لەوێوە ویستیی بگاتە ئوستراڵیا، بەڵام کاربەدەستانی تایلاند بڕیاریاندا بینێرنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی پێش ئەوەی بڕیارەکە یەکلایی بکرێتەوە.

بەڵام رەهەف ڕەتیکردەوە کە بچێتە ناو ئەو فڕۆکەیەوە کە لە تایلاندەوە دەچێت بەرەو کوێت و خۆی لە هۆتێلی فڕۆکەخانەی بانکۆک حەشاردا و مایەوە، لە کاتێکدا نەیدەتوانی بچێتە ئوستراڵیا و هەروەها نە دەکرا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.

لەو کاتەدا نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا مافی پەنابەری پێبدات، چونکە لە هیچ وڵاتێکی دیکە مافی پەنابەری پێنەبەخشرا.

لە هەواڵەکەی بی بی سی دا ئاماژە بەوەکراوە، ئەگەر کەسێك داوای مافی پەنابەری کرد و هیچ وڵاتێك پێی نەدا، ئەوا نەتەوە یەکگرتووەکان مافی پەنابەری پێدەبەخشن.

هەر بۆیە سەرۆك وەزیرانی کەنەدا لەو بارەیەوە وتی: کەنەدا پشتگیریی لە مافی مرۆڤ و مافی ژنان دەکات لە جیهاندا، کاتێك نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لێکردووین کە مافی پەنابەری بدەین بەو کچە، بەو داوایە رازی بووین.

رەهەف لە بارەی کێشەکانی لەگەڵ خێزانەکەیدا وتوویەتی، دەترسێت خێزانەکەی بیکوژن چونکە وازی لە ئاینی ئیسلام هێناوە.

پێشتر محەمەد قنونی باوکی و براکەی هاتن بۆ بانکۆک تا ڕازی بکەن بگەڕێتەوە بۆ سعودییە، بەڵام رەهەف ڕازی نەبوو بیانبینێت.

ش.ق