سەردێڕ:

وەزیری نەوتی ئێران: هیچ ئاستەنگێک بۆ زیادکردنی هەناردەی گازی سروشتیی بۆ عێراق نییە

لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەتەوە
بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-12

636 جار خوێندراوەتەوە

بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، هیچ بەربەست و ئاستەنگێک لەبەردەم وڵاتەکەیدا نییە بۆ زیادکردنی رێژەی هەناردەی گازی سروشتیی بۆ عێراق.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بیژەن زەنگەنە سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاندووە، توانای زیاد کردنی ڕێژەی هەناردەکردنی گازی سروشتییان بۆ عێراق هەیە.

سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، زەنگە رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پابەندی سزاکانی ئەمریکا نابێت و ئەو سزایانە نایاساین.

ناوبراو جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئێران پابەندی ئەو سزایانە نابێت و تاران سەبارەت بە رێژەی هەناردەی نەوت و ئاراستەی هەناردەکەی لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک گفتوگۆ ناکات.

وەزیری نەوتی ئێران دووپاتیشکردووەتەوە، "هیچ ئاستەنگێک نییە بۆ زیادکردنی رێژەی هەناردەی گازی سروشتی ئێران بۆ عێراق و توانای تەواومان بۆ زیادکردنی رێژەکە هەیە".

هەر لە دیدارەکەدا سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، تائێستا بەغدا و تاران لەسەر کێڵگە هاوبەشەکانی نێوانیان نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.

جێی ئاماژەیە ئەمریکا عێراقی لە هاوردەکردنی گاز و کارەبا لە ئێرانەوە بەخشیوە، بەڵام هاوکات فشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی سەرچاوەی دیکە بۆ کڕینی وزە دابینبکات.

ش.ق