سەردێڕ:

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای دامەزراندنی فەرمانبەر دەکات

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێویستی بە فەرمانبەری دیکەیە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-12

3512 جار خوێندراوەتەوە

لە نوسراوێکدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، ژمارەیەک فەرمانبەر لە هەموو عێراق بە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمەوە بۆ کۆمسیۆنەکەیان دابمەزرێندرێت.

ڕزگار حەمە جێگری بەڕێوبەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەوان ئامادەکاری خۆیان کردووە بۆ دامەزراندنی ژمارەیەک فەرمانبەر بە پێی پێویستی ئۆفیسی شارەکان بۆ چاودێریکردنی باشتری حزب و لایەنە سیاسیەکان بەتایبەتی لە دوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانەوە و دەشڵێت، لەگەڵ پەسەند کردنی بودجەی عێراق ئەو کات حکومەت وەڵامی داواکارییەکەیان دەداتەوە.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەگەری دانەمەزراندنی فەرمانبەری دیکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەوان ناچار دەبن بە گرێبەست فەرمانبەر دابمەزرێنن بەتایبەتی کە ئێستا ئامادەکاری دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

جگە لەوەش کۆمسیۆن ڕایگەیاندووە، پێویستیان بە فەرمانبەر دەبێت بۆ کارتی نوێی دەنگدان کە ئیستا سەرقاڵی دروستکردنیانن تا بتوانن بە زووی کارەکانی تەواو بکەن.

یوسف سلێمان بەڕێوبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنیش دەڵێت، ئەوان بە نووسرا پێویستیەکانیان ناردووە بۆ ئۆفیسی سەرەکی کۆمسیۆن.

کۆمسیۆن لە نووسراوەکەیدا ژمارەی ئەو کەسانەی نەنووسیوە کە پێویستیانە بۆ دامەزراندن بەڵکو بە پێی پێویستی ئۆفیسی شارەکان داوای دامەزراندنەکەیان کردووە.

ع.ا