سەردێڕ:

ڕەوتی حیکمە و عەسایب داوایان لە لایەنگرانیان کرد خۆپیشاندان بکەن

دیدارێکی پێشتری نێوان عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەو قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-11

3185 جار خوێندراوەتەوە

ناکۆکی و ململانێکان و شەڕە قسەی نێوان عەسائیبی ئەهلی حەق و ڕەوتی حیکمە لە شەڕی میدیاییەوە ئاراستەیەکی تری وەرگرت و هەریەکەیان داوای لە لایەنگرانیان کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان.

لەوبارەیەوە هەریەکە لەو دوو گروپە شیعەیە داوایان لە لایەنگرەکانیان کرد بێنە سەر شەقامەکان و ئەو تۆمەتانەی یەکتر ڕەتکەنەوە کە ئاڕاستەی یەکتری دەکەن.

هەردوولا سبەینی شەممە (١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩)یان دیاریکردووە بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە دژی یەکتر لە گۆڕەپانی پردی دووقات لە ناوچەی جادریەی بەغدا، کە مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان لایەنگرانی هەردوولا بێتە ئاراوە.

وەک هەنگاوی یەکەم بزوتنەوەی عەسائیب داوای لە لایەنگرانی کرد کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ لە بەردەم بارەگای ڕەوتی حیکمە کۆببنەوە، کە ناوچەی جادریەی بەغدا بە ناوچەی هەژموونی لایەنگرانی عەمار حەکیمی سەرۆکی ڕەوتەکە دادەنرێت.

لە بەرامبەریشدا ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیم لەسەر زاری ئەحمەد ساعیدی کە بەڕێوەبەری کەناڵی فوڕاتی سەربە ڕەوتەکەیە ڕایگەیاند، سبەینێ لە گۆڕەپانی حسێن لە بەغدا خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی ڕێکدەخرێت بۆ بەرگریکردن لە پیرۆزیی حەشدی شەعبی و، ئیدانەی ڕووداوەکانی کوشتن و دزیکردنیشی کرد کە لەژێر ئەو ناوەدا بەڕێوەدەچێت.

کێشەى ئەم دوو لایەنە شیعەیە، ماوەیەکە لەسەر ئاگرێکى هێمن لە ڕێگەى یەکتر تۆمەتبارکردنەوە گەرمە، بەڵام کاتێک کەناڵى فوڕاتى سەربە حەکیم ئێوارەى پێنجشەممە لە هەواڵێکى بەپەلەدا کوژرانى خاوەنى چێشتخانەى لەیمونەى بەغداى خستە ئەستۆى چەکدارانى عەسایب، لەگەڵ هەڕەشەکردن لە مامۆستایانى زانکۆ لە بەسرە، گرژییەکە گەشتە پلەى کوڵان و شەڕێکى قورسى لێدوان و بەیاننامەى دژبەیەکى بەدوادا هات.

سەرەتا عەسایب ڕایانگەیاند سکاڵاى یاسایی لەسەر فوڕات تۆماردەکەن، بەڵام دواتر قەیس خەزعەلى ئەمیندارى ئەم بزووتنەوەیە لە ڕێگەى تویتێکەوە ڕایگەیاند، ئەوەى فوڕات کردوویەتى، یان ئەوپەڕى سوکێتى یان بەکرێگیراوییە، ئەمەش پەرچەکردارى توندى هەوادارانى حەکیمى بەدواى خۆیدا هێنا، کە ژمارەیەکیان بەرپرسى باڵا بوون لەناو ئەم ڕەوتە.

کێشەى ئەم دوو باڵە شیعییە ئەگەرچى لە ڕواڵەتدا میدیایی و لەسەر هەندێ ڕووداوى دیاریکراوە، بەڵام ڕیشەکەى دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ و ململانێکان لەسەر بەشکردنى میراتى جەنگ لەپاش داعش و، دابەشکردنەوەى نەخشەى هێز لە بەغدا. حیکمە عەسایب بە تاڵانکردنى پاڵیۆگاى بێجى تۆمەتبار دەکات، لەگەڵ تۆقاندنى خەڵک لە ڕێگەى میلیشیاوە، لەگەڵ داگیرکردنى خانووى مەسیحییەکانى کەڕادە و زەیونە، عەسایبیش جەخت دەکاتەوە ڕەوتى وەزارەتى نەوت و پارێزگارى بەسرەیان بە گەندەڵى و پارە لادان بەڕێوەبردووە.

بەپێى ئەو زانیارییانەى بەردەستە، لە ئێستادا سەرکردەکانى "بینا" و "ئیسڵاح" لە هەوڵى هێورکردنەوەى دۆخەکە و ڕێکخستنى دیدارى حەکیم و خەزعەلیدان ـ ئەگەر بکرێت ـ، بەڵام بەپێى ناوەڕۆکى ئەو نامانەى هەردوولا بە ئاشکرا ئاڵوگۆڕیان کرد، پێکدادان و بەریەککەوتنیان ڕیشەیەکى قوڵ و ڕەهەندى هەرێمایەتى هەیە و کۆتاییهاتنى ئەستەمە، جگە لەمەش ئەوەى ڕوودەدات بەشێکە لەو پێشبینییە بەردەوامانەى بۆ دواى شەڕى داعش دەکران و ترسەکە لە عێراق ئەوەیە ناکۆکی ئەو دوانە بگاتە شەڕى ناوخۆیی شیعە، چونکە هەردوولا باڵى چەکداریان هەیە.

ع.م