سەردێڕ:

کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا دەستیپێکرد

هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-11

2674 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای ٢٣ ڕۆژ لە بڕیارەکەى دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا، پرۆسەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا دەستیپێکرد.

ئەمڕۆش هەینی (١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) لە هەنگاوى یەکەمدا ئەمریکا دەستیکرد بە کشانەوەى چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانى لە بنکەیەکی سەربازیی.

شۆن ڕایان وتەبێژى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژی داعش ڕایگەیاند، هێزى ئەرکە هاوبەشەکان دەستیکردووە بە کشانەوە بە شێوەیەکى ڕێکخراو لە سوریا، بەبێ ئەوەى زانیارى لەبارەى خشتەى کاتى کشانەوەى تەواوى هێزەکانى ئەمریکا ئاشکرابکات.

هاوکات ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى بڵاویکردەوە، کەشتییەکى سەربازى ئەمریکا بە ئاراستەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست جوڵەى پێ کراوە، بۆ یارمەتیدانى پرۆسەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا.

بەپێی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی ١٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ژمارەیەک کەلوپەلی تر لە بنکەیەکی سەربازیی لە ناوچەی ڕەمیلان سەربە پارێزگای حەسەکە پاشەکشێیان پێ کراون.

لای خۆشیەوە بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لەبەر هۆکارى ئەمنى لە ئێستادا زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە بڵاوناکەنەوە.

هاوکات کەناڵى سی ئێن ئێن لە زارى بەرپرسێکى ئیدارەى ئەمریکاوە گواستیەوە، دەستکردن بە پڕۆسەى کشانەوەى چەک و کەرەستە سەربازییەکان سەرەتاى پرۆسەى کشانەوەیانە لە سوریا، ئەگەرچی تا ئێستا ڕوون نییە چ کاتێک دەستدەکەن بە کشانەوەى هێزەکانیان لەو وڵاتە، کە ژمارەیان نزیکەى دوو هەزار سەربازە.

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بە کشانەوەی سەرجەم هێزەکانیان لە سوریا، کە دەکەونە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و شارۆچکەی منبج، کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.

هەرچی تورکیاشە دەیەوێت ئەو دۆخە بقۆزێتەوە تا جێگەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە بگرێتەوە و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کوردیش کۆتایی پێ بهێنێت، کە لە ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستان بنیاتیان ناوە.

لەو چوارچێوەیەشدا مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنی ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ سه‌ر هێزە کوردییەکان په‌یوه‌ست نییه ‌به ‌كشانه‌وه‌ یا نه‌كشانه‌وه‌ی هێزەکانى ئه‌مریكاوه‌، کە ئەوەش داوایەکی واشنتۆن لە حکومەتی ئەنقەرە بە گەرەنتی پاراستنی کوردەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

چاوشئۆغڵو باسی لەوەش کرد، کاتێک تورکیا بڕیاری دابوو ئۆپراسیۆنی سەربازیی بکاتە سەر ناوچەکە، زانیاری ئەوەیان نەبووە ئەمریکا نیازی کشانەوەی هەیە لە سوریا.

بەڵام لە بەرانبەردا فەرهاد شەلەبی جێگری هاوسەرۆکی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان پشت بە هاوپەیمانێتییان لەگەل ئەمریکا نابەستن و تەنها پشت بە خۆیان دەبەستن.

فەرهاد شەلەبی ئاماژەی بەوەش کردووە، جەنگی دژی تیرۆر لە ناوچەکانیان بەر لە پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتى ئەمریکا دەستیپێکردووە، وتیشی جارێکی تر ڕژێمی بەشار ئەسەد نابێتەوە خاوەن هێز و دۆخی پێشووتری و، ئەرکی دەوڵەتیشە هەندێک بنکە و بارەگایان لەسەر سنوری باکور هەبێت تا لەبەردەم هەڕەشەکانى تورکیا بوەستێتەوە.

لەدواى بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا، بەرپرسانى ڕۆژئاواى کوردستان و سوریا سەرقاڵى دانوستانن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنى سیاسی لەبارەى ئەو ناوچانەى لەژێر کۆنتڕۆڵى شەڕڤاناندان، تا لە هەڕەشەکانى تورکیا بپارێزرێن، بەڵام تا ئێستا دانوستانەکان ڕێککەوتنیان لێ نەکەوتووەتەوە.

ع.ا