سەردێڕ:

هەڵکردن و داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک لەلایەن یەکێتییەوە چەندین پرسیاری دروستکردووە

لە ئێستادا کەرکوک چاوەڕێی دۆخێکى نوێ دەکات
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-11

6854 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەى درەنگانێکى شەوی چوارشەممە، یەکێتى ئاڵای کوردستانى لەسەر کۆمیتە و مەڵبەندەکانى خۆی هەڵکرد، کە شارێکى جێ نفوز و دەسەڵاتی خۆیەتی، کاردانەوەى زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام دوای سێ ڕۆژ زۆربەى ئاڵاکانى داگرتەوە و ئاڵای کوردستانی تەنها لەسەر مەڵبەندی یەکێتى و مەکتەبى سیاسی هێشتەوە.

هەرچۆن پاڵنەری یەکێتى بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک نادیار و جێگەى پرسیار بوو، بە هەمان شێوە لابردنەکەى لەسەر هەندێ بارەگای خۆی، بەتایبەت دوای کاردانەوەکان، دەیان پرسیار و گومانی دیکەى بۆ سەر بابەتەکە زیادکرد.

حکومەتى عێراق داوای داگرتنى ئاڵای کوردستانى کردووە، بەڵام پەرلەمانتارێکى پێشووی یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەکەن.

بڕیارەکەى یەکێتی بەبێ ڕاوێژ و قسەکردن بووە لەگەڵ لایەنە کوردییەکانى دیکەدا، ئێن ئاڕ تی هەوڵیدا ڕای بەشێک لە حزبە کوردییەکان وەرگرێت، بەڵام ئەو لایەنانە ڕەتیانکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر بابەتەکە بدەن.

هاوکات هاوڵاتییانی کەرکوکیش بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە هەیە و هەندێکیان خۆشحاڵن و دەڵێن، دەبێت ئاڵاکە دانەگیرێت، هەندێکی تریشیان دەڵێن، هەڵکردنی ئاڵاکە بۆ وروژاندنی هەست و سۆزی نەتەوایەتی خەڵکییە و کاریگەرییەکى ئەوتۆی نییە.

لە ئێستادا کەرکوک چاوەڕێی دۆخێکى نوێ دەکات، یان ئەوەتا یەکێتى بەردەوام دەبێت لە هەڵکردنی ئاڵاکە و دواتر حزبە کوردییەکانى دیکە چاوی لێدەکەن، یان دادگای فیدڕاڵی قەدەغەی دەکات؛ ئەوە لەکاتێکدایە کە زانیارییەکان باس لە ڕێککەوتنى پارتی و عادل عەبدولمەهدی دەکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ کەرکوک.

ع.م