سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: ئەگەر هەرێمیش نەوت رادەست نەکات موچەی فەرمانبەران نابڕدرێت

ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-11

7575 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی بڕگەی (جیم) لە مادەی ١٠ی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، ئەگەر هەرێمیش پابەند نەبێت بە ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی موچەی فەرمانبەران کە نزیکەی ٤٥٤ ملیار دینارە.

پەرلەمانى عێراق ڕۆژى پێنج شەممە کۆتایی بە گفتوگۆکانى پەیوەست بە پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى دارایی ٢٠١٩ هێنا، کە بە یەکێک لە وردترین و گرنگترین ئەرکەکانى وەرزى یاسادانان دادەنرێت. لەم پرۆژە یاسایەدا جیاواز لە ساڵى ڕابردوو لە ڕێگەى مادەى (١٠) ماف و خەرجییە داراییەکانى هەرێمى کوردستان چارەسەر کراوە.

بەپێى مادەى (١٠) هەرێم پابەندکراوە بە هەناردەکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە، لە ڕێگاى کۆمپانیاى نیشتمانى سۆمۆى عێراقەوە، بە جۆرێک داهاتەکەى تەنها ڕادەستى خەزێنەى بەغدا بکرێت. هەر بەپێى ئەم مادەیە بڕێک پارە کە دەوترێت ٦٧ ملیار دینارە، بۆ هێزەکانى پێشمەرگە تەرخاندەکرێت بەو پێیەى بەشێکن لە سیستمى بەرگریی عێراقى و لەناو یاساکەشدا ناویان هاتووە.

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا لە بڕگەى (جیم)ى ئەم مادەیەدا هاتووە، ئەگەر هەرێم نەوتەکەى ڕادەستى بەغدا نەکرد، ئەوا جگە لە موچەى فەرمانبەران و بەشە بودجەیەک بۆ پێشمەرگە، وەزارەتى دارایی ناوەند هیچ خەرجییەکی ترى هەرێم پارەدار ناکات.

بەم پێیەش لە حاڵەتى بەردەوامى فرۆشتنى نەوت بە سەربەخۆ، بەغدا تەنها مانگانە نزیکەی ٤٥٤ ملیار دینار بۆ فەرمانبەران ڕەوانە دەکات، لەگەڵ ٦٧ ملیار دینار بۆ پێشمەرگە.

هەندێک لە شارەزایانى دارایی مادەى (١٠)ى بودجە بۆ هەرێم بە ئەرێنى دەبینن بەو پێیەى، حکومەتى هەولێر، ئەگەر نەوتیش نەداتە بەغدا ئەوا، جگە لە داهاتى تایبەتى  خۆى، لە ڕێگەى حکومەتى بەغداوە داهاتێکی ترى بۆ دابین دەبێت، لەگەڵ هەندێ گوژمە پارە بۆ هێزەکانى پێشمەرگە.

بەڵام هەندێکی تر لە شارەزایان پێیانوایە ئەو جۆرە مامەڵەیە جگە لەوەى گەرەنتى هەناردەکردنى پارەى تێدا نییە لە بەغدا و تەنها ئاماژەیەکى سەرپێییە، ناڕۆشنى و لیخنیی دۆسیەى نەوت لە هەرێمى کوردستان وەک خۆى دەهێڵێتەوە بە جۆرێک ئەمساڵیش جگە لە دەسەڵاتدارانى پارتى کەسی تر لە وردەکاریی ئەو دۆسیەیە ئاگادار نابێت کە سەرچاوەى بەشى هەرە گەورەی کێشە دارایی و ئابوورییەکانى هەرێم بووە لە دواى ساڵى ٢٠١٤وە.

بەپێى ئەم مادە یاساییە، ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەستى بەغدا نەکات، ئەوا هەرێم دەبێت خۆى خەرجییەکانى دەرمان و ئاوەدانکردنەوە و بەگەڕخستن و کڕینى وزە دابینبکات، لەگەڵ پارەى پەرەپێدانى پارێزگاکان کە سەرچاوەگەلى گرنگن بۆ جموجوڵى بازاڕ و بەگەڕخستنى دەستى کار و سەرەنجامیش پەرەپێدانى وڵات. جگە لەوەش جیاواز لە شارە بەرهەمهێنەرەکانى نەوت لە عێراق، ئەو پارێزگایانەى کێڵگەى نەوتییان تێدایە لە هەرێمى کوردستان لە پارەى پترۆ دۆلار سودمەند نابن، ئەمە جگە لەو گلەیی و تۆمەتانەى لەسەر چۆنییەتى دابەشکردنى بەشە پارەى پارێزگاکان هەن لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا کە وەک بەغدا ملکەچى ستانداردى ژمارەى دانیشتووان نییە.

زۆربەى ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن حکومەتى هەرێم، نەوت ڕادەستى بەغدا ناکات و چاوەڕێى پارەى تەواوکاریی بەغدا دەکات، ئەمەش بەماناى بە نادیارى مانەوەى داهاتى ڕاستەقینەى هەرێم و نەبوونى پرۆژە یاسای بودجە دێت لە کوردستان، بۆ ڕێگرتن لەم گرێ و گۆڵانەش فراکسیۆنى نەوەى نەوێ لە بەغدا ڕایگەیاندووە، ئەوان لە قۆناغى داهاتوو هەوڵدەدەن لە ڕێگەى دادگاى فیدراڵییەوە دۆسیەى هەڵپەسێردراوى نەوت لە نێوان بەغدا و هەولێر یەکلایی بکەنەوە، بۆئەوەى کۆتایی بەم ئەگەر و نەگەرە بێت کە لەناو بودجەدا وەک بۆمبى چێنراو دانراوە و سەرەنجامیش خەڵکى کوردستان باجەکەى دەدەن.

ع.ا