سەردێڕ:

پارتی و یەکێتى بۆ مانەوەی خۆیان و لە ترسی دەرخستنى ڕاستییەکان دژی ئازادی ڕادەربڕین دەوەستنەوە

"پارتی و یەکێتی بۆ ڕازیکردنی وڵاتانی دراوسێ ئازادیی ڕادەربڕینیان کەمکردووەتەوە"
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-11

917 جار خوێندراوەتەوە

مێژووی چەندین ساڵەى حوکمڕانى پارتی و یەکێتی پڕن لەو ڕووداوانەى کە پێچەوانەى ئازادی ڕادەربڕینن و کارکردنە بۆ بەرتەسککردنەوەى مەوداى ئازادی لە هەرێم، بە جۆرێک بەردەوام چاویان لەسەر ئەو کتێب و نوسراو و بڵاوکراوە و فیلمانە بووە کە دەرخەرى ڕاستەقینەى مێژوو بووە، یاخود پێچەوانە بووە لەگەڵ خواستەکانى ئەواندا.

ڕۆژى حەوتى ئەم مانگە ئاسایشی سلێمانى، بە تۆمەتى فرۆشتنى کتێبەکانى عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە سێ کەسیان لە گەنجانى وڵاتپارێزی سەربە پەکەکە دەستگیرکرد.

بۆ ڕۆژى دواتریش ئاسایشی سلێمانى، سینەما سالمی داخست، ئەوەش بە بیانووی ئەوەى کە ئەو سینەمایە بەنیازبووە لە ساڵیادی تیرۆرکردنى یەکێک لە دامەزرێنەرانى پەکەکە، کە ساکینە جانسز بوو، فیلمێک نمایش بکات، بەڕێوەبەری سینەماکەش ڕایگەیاند، داخستنی سینەماکەیان هۆکاری سیاسیی لەپشتەوە بووە.

ئەوە سەرەڕاى ئەوەى کە لە ماوەى ڕابردوودا ئاسایشی سلێمانى بە تۆمەتی خۆپیشاندان چەند ڕۆژنامەنووسێکی دەستگیرکرد.

ڕەخنەگرانى یەکێتى ئاماژە بەوە دەکەن، سەرجەم ئەو کارانەی یەکێتى بۆ ڕازیکردنى دڵی تورکیا بووە و ویستوویەتى بە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە توندانە دژبە ئەندامان و لایەنگرانى پەکەکە دڵی تورکیا لە خۆی ئاشتبکاتەوە و لەسەر حسابی توندوتیژی بەرامبەر لایەنگرانى پەکەکە لە هەرێم پەیوەندییەکانى خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بکاتەوە.

هاوکات لە هەولێریش پارتی چەندین ساڵە کتێبی یادەوەرییەکانى زرار دەرگەڵەیی قەدەغەکردووە، کە یەکێکبوو لە پێشمەرگەکانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و هاوڕێی نزیکی مستەفا بارزانی بوو.

هۆکاری قەدەغەکردنى کتێبەکەى زرار دەرگەڵەییش ئەوەبوو، کە چەندین ڕاستیی مێژوویی خستبووەڕوو، بەتایبەت لە مەسەلەى پەڕینەوەى مەلا مستەفا لە ئاوی ئاراس، ئەوەش نیگەرانى پارتی لێکەوتەوە و تا ئێستاش ڕێگە نادەن ئەو کتێبە لە بازاڕەکاندا بوونى هەبێت.

هەروەها پارتی چەندین ساڵە کتێبەکەى ئەیوب بارزانیشی قەدەغەکردووە، کە بە سێ بەش لەسەر بارزانییەکان نوسیبووى.

گرتنەبەرى ڕادەربڕین لەکاتێکدایە دوای چەندین ساڵ هێشتاکە کەیسەکانى تیرۆرکردنى ئەو ڕێوشوێنانە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بەرامبەر بە بەرتەسککردنەوەى ئازادی ڕۆژنامەنووسان، سۆرانى مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و وەدات حسێن لە دادگاکان بە تەواوى یەکلایی نەکراونەتەوە و، تەواوى ئەو کەیسانە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

هاوکات لە ماوەى ڕابردوودا پارتی و یەکێتى چەندینجار لەگەڵ ساتى خستنە بازاڕیاندا ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەیان کۆکردووەتەوە کە دژ بەو دوو حزبە بابەتێکیان بڵاوکردووەتەوە، یاخود گەندەڵی بەرپرسەکانیانى ئاشکراکردووە.

چاودێرانى دۆخی هەرێم جەخت لەوە دەکەنەوە، پارتی و یەکێتى لە ترسی دەرخستنى ڕاستییەکان و مانەوەى خۆیان لە دەسەڵاتدا و لە بەرامبەر ڕازیکردنى وڵاتانى دراوسێ هەموو کات ئامادەن دژبە ئازادی و بەرتەسککردنەوەى ئازادی ڕادەربڕین بوەستنەوە.

ع.م