سەردێڕ:

منداڵێک لە نێو دەستگیرکراوەکانی تەڤگەری ئازادیدایە

فەرهاد محەمەد
فۆتۆ: 
2019-01-11

9614 جار خوێندراوەتەوە

ئاسایشی سلێمانی ڕێگەی نەدا ئەندامانی تەڤگەری ئازادی و چەند هاوڵاتییەک فیلمی تایبەت بە ژیانی ساکینە جانسز نمایش بکەن و، نزیکەی پەنجا کەسی لێ دەستگیرکردن، کە یەکێکیان فەرهاد محەمەدی سێ ساڵانە.

فەرهاد محەمەدی تەمەن سێ ساڵ یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان لەگەڵ کەلسوم حسێنی دایکیدا.

دوای ئەوەی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ویستیان لە سەکۆی ئازادی ناو پارکی ئازادی فیلمەکە نمایش بکەن، هێزەکەی ئاسایش نزیکەی ٥٠ کەسی لێ دەستگیرکردن کە لە نێویاندا تارا حسێنی وتەبێژی تەڤگەری ئازادی هەیە.

هاوکات پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی ڕایگەیاند، لەناو دەستگیرکراوەکاندا هەریەکە لە شەهێن محەمەد، حاجی ئازاد هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، سەلاح خدر ڕۆژنامەنووس، کلسووم حسێن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەر و منداڵێکی ٣ بۆ ٤ ساڵیشی تیایە.

ڕوونیشیکردەوە، هێزێکی زۆری ئاسایش لە دەوروبەی پارکی ئازادی و ئەو شوێنەی بڕیاربوو فیلمەکەی تێدا نمایشبکرێت کۆبوونەوە و، ڕێگەیان نەداوە فیلمەکە نمایش بکرێت، لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی و ئاسایش لە دەروازەکانی پارکی ئازادی جێگیرکراون.

لە ڕاگەیەندراوێکیشدا ئەمڕۆ هەینی (١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌" ئیدانەی دەستگیركردنی خاتوو "تارا حسێن" وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی كوردستان و نزیكەی ٥٠ كەسی دیكە دەكات، كە ئەمڕۆ لە سەكۆی ئازادیی شاری سلێمانی و لەلایەن ئاسایشی ئەم شارەوە دەستگیركراون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای ڕێگریکردن لە نمایشی فیلمی تایبەت بە ژیان و خەباتی ساکینە جانسز لە سینەما سالمی شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادی بڕیاریدا لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی فیلمەکە نمایشبکەن.

ع.ا