سەردێڕ:

نەوەی نوێ ئیدانەی دەستگیرکردنی تارا حسین و ٥٠ کەسی دیکە دەکات

فۆتۆ: 
2019-01-11

2382 جار خوێندراوەتەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیدانەی دەستگیرکردنی تارا حسین وتەبێژی تەڤگەری ئازادی کوردستان و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکە دەکات لە سەکۆی ئازادی سلێمانی.

 لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ هەینی (١١ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"، ئیدانەی دەستگیركردنی خاتوو "تارا حسێن" وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی كوردستان و نزیكەی ٥٠ كەسی دیكە دەكات، كە ئەمڕۆ لە سەكۆی ئازادیی شاری سلێمانی و لەلایەن ئاسایشی ئەم شارەوە دەستگیركراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکردووە، دەستگیركردنی وتەبێژی هێزێكی سیاسیی و نزیكەی ٥٠ كەسی دیكە، لە شوێنێكدا كە پێیدەوترێت "سەكۆی ئازادیی" و هەروەها لەناو شارێكدا كە پێیدەوترێت "پایتەختی رۆشنبیریی"، هەڕەشەیەكی مەترسیدارە كە بەرامبەر بە سادەترین بنەمای ئازادیی سیاسیی و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دا دەكرێت.

ئاماژەش بەوەشکراوە ئەو کارانە درێژكراوەی ئەو روداوانەی چەند رۆژی رابردویشە، كە ئاسایشی ئەم شارە، درێژەی بە هەمان هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی بڵاوكردنەوە و ئازادیی كاری سیاسیی داوە و بەشێكی قەزا و ناحیەكانی ئەم پارێزگایەشی گرتوەتەوە، كە خۆی دەیبینێتەوە لە داخستنی چەندین بارەگای فەرمیی "تەڤگەری ئازادیی" و هەروەها رێگریكردن لە پەخشكردنی فیلمێك، كە مۆڵەتی پەخشكردنیشی هەیە  لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان-ەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"، داوادەكات بەزوترین كات وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی و كۆی ئەو كەسانەش ئازادبكرێن، كە ئەمڕۆ لە لایەن ئاسایشی سلێمانی یەوە و لە پڕۆسەیەكی رەشبگیریی دا و بێ‌ بوونی بڕیاری یاسایی دادوەر، دەستگیركراون.

 جەختیشیکردووەتەوە، ئەم كارەی ئەمڕۆی ئاسایشی سلێمانی، دژی سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی سیاسیی و ئازادیی رادەیربڕینە لە هەرێمی كوردستان دا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا"نەوەی نوێ‌"، پشتگیریی لە هەر دەنگێكی ئازاد و هەر چالاكییەكی سیاسیی دەكات، كە لەپێناو خزمەتكردندا بێت بە مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەكان و جێگیركردنی پایەكانی دیموكراسیی لە هەرێمی كوردستان و دژی هەر هەوڵێكیشە، كە ئەم ئازادییانە لەباربەرێت و بۆ ئەم مەبەستەیش، فراكسیۆنەكانی لە پارلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عیراق، بەدواداچون بۆ ئەم هەڕەشانە دەكەن.

ئەوەش ڕاگەیەندراوەکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کاتێکدایە، ئاسایشی سلێمانی تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکەی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی دەستگیرکرد.

سۆران حسێن برای تارا حسێنی وتەبێژی تەڤگەری ئازادی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئاسایشی سلێمانی تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەر و زیاتر لە ٥٠ کەسی دیکەی لە پارکی ئازادی دەستگیرکرد.

ڕوونیشکردەوە، بەمەبەستی نمایشکردنی فیلمی تایبەت بە ساکینە جانسز هاوڵاتییان و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی کۆبوبونەوە.

ع.م