سەردێڕ:

ڕوسیا: کورد بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەی سوری

روسی دەڵێت دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان کورد و دیمەشق بایەخێکی تایبەتی هەیە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-11

2460 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەوان جەختدەکەنەوە لە بایەخی گفتوگۆی هاوبەش لە نێوان کورد و حکومەتی سوریا، لەکاتێکدا ئەمریکا سورە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەو وڵاتە و کوردیش بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەی سوریا.

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئەمڕۆ هەینی (١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، "پێویستە کۆنترۆڵی ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی ئەمریکای تیا بڵاوکرابوەوە، بگەڕێنرێتەوە بۆ حکومەتی سوریا."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان کورد و دیمەشق بایەخێکی تایبەتی هەیە، چونکە سەرباری هەموو شتێک کورد بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەی سوری.

زاخارۆڤا ڕوونیشیکردەوە، سەرباری ڕاگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە ناوخۆی سوریا، بەڵام مۆسکۆ وای بۆ دەچێت ئەمریکا بیەوێت لە سوریادا بمێنێتەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا جەختیکردەوە، ڕوسیا پابەند دەبێت بەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ تورکیا کردوویەتی بۆ پارێزگاریکردن لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە پارێزگای ئیدلبی سوریا، بەڵام دوودڵی بۆ مۆسکۆش دروستکردووە، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لەو ناوچەیە.

لە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگەدا ڕێدور خەلیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە، "هیچ بژاردە و بوارێک لەبەردەستدا نەماوە جگە لەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکەنە چارەسەرێک لەگەڵ حکومەتی سوریا، چونکە ناوچەکانیان بەشێکن لە سوریا."

ع.م