سەردێڕ:

کەڕەی شەربەت لە چییەوە هاتووە؟

کەڕەی شەربەت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-11

9257 جار خوێندراوەتەوە

کەڕەی شەربەت یەکێکە لەو دەستەواژە باوانەی لە نێو خەڵکدا زۆر بەکاردەهێندرێت، ئەوەش کاتێک کەسێك وەڵامی کەسێکی دیکە نەداتەوە دەوترێت کەڕەی شەربەتە.

چەندین چیرۆکی جیاواز هەیە لەبارەی ئەوەی کەڕەی شەربەت لە چییەوە هاتووە، نوسەر و شاعیر داناز عەبدولڕەحمان چیرۆکەکەی بەمشێوەیە گێڕاوەتەوە:

لەساڵانی حەفتا و وهەشتاکاندا، پیاوێکی ڕووخۆش و کەمدوو، لەشاری سلێمانیدا هەبوو. کە بە کەڕەی شەربەت بانگیان دەکرد. ئەو ناوە زۆر زوو بەشاردا بڵاوبۆوە.

ئەو هەرگیز بەو نازناوە توڕە نەدەبوو، پیاوێکی پۆشتە و کاسب و بێوەی بوو، هەمیشە بەو شێوەیە لەبەردەم سینەماکاندا بەخۆی و سوراحیەکی گەورەی پڕ شەربەتەوە دەبینرا.

ڕیزێ پەرداخی وەکو گوللـەبەند لەسینەی بەستبوو، پەڕۆیەکی سپی گەورەی هاوشێوەی خاولی بە کەمەرییەوە شۆڕکردبۆوە، بۆ سڕین و وشک کردنەوەی پەرداخ و سوراحی و پێداویستییەکانی کارەکەی، بەردەوام سوراحی و پەرداخەکانی بریسکەیان دەهات. شەربەتێکی ناوازە و نایابی هەبوو، خەڵک خۆشیان دەویست، زۆرجار بۆ گاڵتە و گەپ، شەربەتیان لێدەکڕی و تاقیان دەکردەوە. هەر ئەوەش بوو خەڵکی خۆشیان دەویست و شەربەتیان لێدەکڕی، ئەو زیاتر لەناو سینەماکاندا دەبینرا.

ئەوکاتیش وابوو زۆر لە کاسبکارەکان دەهاتنە ناو سینەما و بەردەم سینەماکان بۆ فرۆشتنی شتومەک و خواردن و خواردنەوەکانیان. بەهۆی ئەوەی سینەماکانی ئەوکات هەمیشە جمەیان دەهات و خەڵکانێکی زۆر ڕوویان تێدەکرد بەشێوەیەکی گشتیی زۆر قەرەباڵغ بوون. کەڕەی شەربەتفرۆش زوو دەبینرا و شەربەتی لەوێ دەفرۆشت.

ئەو پیاوەی کە نازناویی کەڕەی شەربەتیان لەبری ناوی خۆی بۆ دانابوو و بەکەڕەی شەربەت بانگیان دەکرد.

زۆربەی کاتەکانی لە ناو سینەما رەشیددا بوو لەوێ شەربەتی دەفرۆشت، شەربەتی مێووژی خۆش و خەست و خۆڵ و بەناوبانگی هەبوو، نرخی هەر پەرداخێک لە شەربەتەکەی بە پێنج فلس بوو، بۆیە هەرکاتێك لەو پارەیە زیاتری بدایە، باقیەکەی نەدەگەڕاندەوە، واتا ئەگەر روبعێکت بدایە، ئەو مێش میوانی نەبوو، خۆی لە گێلی دەدا و باقی نەدەگەڕاندەوە و دەڕۆشت، جاتۆ هەرچەند بانگت بکردایە ئەو خۆی کەڕ و کوند دەکرد، وەک بڵێی گوێی لێنیە و بێئاگایە.

بۆیە لە شاری سلێمانیدا ئەم جۆرە دەڕبڕینە وەکو پلار و توانج و گازندە بۆ کەسێك بەکاردەبرێت کە خۆی بۆ هەموو شتێك لەگێلی بدات. یان لەکاتی خۆیدا ئامانەتێک یان شتێکی نەگەڕێنێتەوە، یەکسەر پێی ئەڵێن دیسانەوە خۆی کرد بە "کەڕەی شەربەت".

ژ.ن