سەردێڕ:

لە جەنگى دووەمى جیهانیدا سوریا پێشوازیی لە پەنابەرانى ئەوروپا کردووە

پێدانى خواردن و جلوبەرگ لەلایەن ژنانى سوریاوە بە پەنابەرانى ئەوروپا
فۆتۆ: ڕۆژنامەى "ئێرە قودسە"
2019-01-11

27192 جار خوێندراوەتەوە

میوانداریی پەنابەرە ئەوروپییەکان لەلایەن سوریاوە لە سەردەمى جەنگى دووەمى جیهانیدا وەک ڕاستییەکى مێژوویی بە بیری مرۆڤایەتى هێنرایەوە.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ مەدەنییانەی كه‌ له‌ ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات و وڵاتانی به‌ڵكان ده‌ژیان، له‌ سه‌ختترین سه‌رده‌می جه‌نگه‌كه‌دا، به ‌مه‌به‌ستی هه‌ڵاتن له‌ داگیركاریی نازییه‌كان و سۆڤێت، له ڕێگه‌ی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و توركیاوه‌ به‌ره‌و وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆچیانكردووە.

یەکێک لەو وڵاتانەى ئەو هاوڵاتییانە کۆچیان بۆ کردووە سوریا بووە، کە لە ئێستادا هاوڵاتییانى بەهۆى جەنگى ناوخۆییەوە  کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپا.

لەو ماوەیەدا فه‌رمانگه‌ی په‌نابه‌ران و هاوكاریی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ له‌ ساڵی ١٩٤٢دا له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه‌ دامه‌زرێنرابوو، نزیكه‌ی ٤٠ هه‌زار ئه‌وروپی له‌ كه‌مپه‌كانی سوریا، میسر و فه‌ڵه‌ستیندا جێگیركردبوو.

ئه‌و ئه‌وروپییانه‌ تا كۆتاییهاتنی جه‌نگى دووەمى جیهانى له‌و كه‌مپانه‌ مابوونه‌وه‌ و، له ‌دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگەکەش گه‌ڕابوونه‌وه‌ وڵاته‌كانی خۆیان یان ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ده‌یانویست.

ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆست کە دوو ساڵ لەمەو بەر ئەو ڕاستییە مێژووییەى بڵاوکردەوە ئاشکرایکردووە، كه‌ هه‌لومه‌رجی ئەو کەمپانەى خۆرهەڵات کە پەنابەرانى خۆرئاوایان تیادا نیشتەجێدەکرا "زۆر باش" بووە، دوای ئه‌وه‌ی پشكنینی ته‌ندروستی بۆ په‌نابه‌ران كراوه‌، ناسنامه‌ی په‌نابه‌رێتییان دراوه‌تێ و له‌ كه‌مپه‌كان جێگیركراون، هاوکات خواردن و جلوبه‌رگ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا دابه‌شكراوە كه‌ وه‌ك په‌نابه‌ر له‌ یۆنانه‌وه‌ هاتوون بۆ سوریا.

ڕۆژنامەکە ئەوەشى بڵاوکردەوە، لەوکاتەدا هه‌زار و ٩٤٤ هاوڵاتیی مەدەنی كه‌ له‌ دوورگه‌كانی یۆنانه‌وه‌ هاتبوونه‌ ئه‌و كه‌مپه‌ی له‌ حەڵه‌ب دروستكرابوو، به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ئه‌منی ته‌نانه‌ت له‌پێناو تێكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و كڕینی کەلوپەل ڕێگه‌یان پێ دراوه‌ بشچنه‌ ده‌ره‌وه‌.

باس له‌وه‌ش كراوه‌، ١١٤ بۆ ٣٠٠ هه‌زار هاوڵاتی پۆڵه‌ندی له‌ ساڵانی ١٩٣٩ - ١٩٤١ له‌ كۆمه‌ڵكوژیی نازییه‌كان و كه‌مپه‌كانی كاری یه‌كێتیی سۆڤێتى جاران ڕایانكردووه‌ و په‌نایان بردووەته‌ به‌ر ئێران، به‌ڵام حكومه‌تی پۆڵه‌ندا به‌ توندی دژی پێشوازیكردن له‌و په‌نابه‌رانه بووە لەلایەن ئێرانەوە.

ئ.ر

وێنەکە ڕۆژنامەى "ئێرە قودسە"یە کە لە ساڵى ١٩٤٢ دا بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ئەو وێنەیەى داناوە کە دەردەکەوێت خواردن و جلوبەرگ لەلایەن ژنانى سوریاوە بە پەنابەرانى یۆنان دەدرێت.