سەردێڕ:

پۆمپیۆ: کاردەکەین بۆ دەرکردنی دوا سەربازی ئێران لە سوریا

گەشتی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-11

1621 جار خوێندراوەتەوە

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن لە ڕێگەی دیپلۆماتییەوە کاردەکات بۆ دەرکردنی دوا سەربازی ئێران لە سوریا.

پۆمپیۆ لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ هەینی (١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە پێشکەشی کرد ئاماژەی بەوە کرد، واشنتۆن کاردەکات بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرنگترین ئەو مەترسییانەی کە لە ناوچەکەدان.

دووبارە جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەی هێزەکانی لە ناوخۆیی سوریا دەکشێنێتەوە، بێ ئەوەی هیچ وادەیەک بۆ ئەو کشانەوەیە ئاشکرابکات.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا پۆمپیۆ دەربارەی هاوپەیمانێتییە ستراتیژییەکەی، کە بڕیارە پێکبهێنرێت، ڕوونیکردەوە، هاوپەیمانێتییەکە دەوڵەتانی کەنداو و ئوردن و میسریش لەخۆدەگرێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڵێنیدا کە واشنتۆن کاردەکات ئیسرائیل توانا سەربازییەکانی خۆی بپارێزێت و بمێنێتەوە، تا لە ڕێگەیەوە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات لە دژی "سەرکێشییە دوژمنکارانەکانی ئێران."

مایک پۆمپیۆ لە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە گەیشتووەتە ناوچەکە و ئیسرائیل و ئوردن و عێراق و هەرێمی کوردستان و میسری بەسەرکردووەتەوە و بڕیاریشە لە گەشتەکەیدا بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چەند دەوڵەتێکی دیکەی ناوچەکە بەسەربکاتەوە.

ع.م