سەردێڕ:

لە چەمچەماڵ ڕێگرى لە سیمینارێکى ژنانى تەڤگەرى ئازادى کرا

ڕێگرى لە سیمینارێکى ژنانى تەڤگەرى ئازادى کرا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2019-01-11

4511 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، چەمچەماڵ، ڕزگار جەبار 

ئاسایشى چەمچەماڵ ڕێگرى لە ژنان و ئەندامانى تەڤگەرى ئازادى کۆمەڵگەى کوردستان کرد کە بە نیازبوون سیمینارێک لەسەر یادى شەش ساڵەى سێ شەهیدەکەى پەکەکە لە پاریس بکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش گردبوونەوەیەکى ناڕەزاییان کرد.

نوێنەرى ڕێکخراوى ژنانى ئازادیى کوردستان بەدیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هەینى بە نیازبوون لە کتێبخانەى گشتى چەمچەماڵ سیمینارێک لە ساڵیادى سێ شەهیدەکەى پەکەکە پێشکەشبکەن، بەڵام سەرەڕاى ڕێگەپێدانى قایمقامییەتى قەزاکە ئاسایش ڕێگری لێکردوون.

نوێنەرەکەى ڕێکخراوى ژنانى ئازادیى کوردستان وتیشی، "ڕێگرى لەو جۆرە چالاکییانە شەرمەزارییەکى گەورەیە بۆ هەرێمى کوردستان و ئەوەى دەرخست کە پشتیوانى هەندێک لایەنى سیاسی بۆ بزوتنەوە نەتەوایەتییەکان بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن و ڕاکێشانى دەنگى جەماوەر بوو."

ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیاربوو دوێنێش پارتى تەڤگەرى ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە قەڵادزێ لە مەراسیمێکدا یادى سێ شەهیدەکەى پەکەکە بکاتەوە، بەڵام ئاسایش بە بیانووى نەبوونى مۆڵەتەوە ڕێگرى لە مەراسیمەکە کرد.

ئ.ر