سەردێڕ:

​پاش چەندین ساڵ چاوەڕوانی ژنێک هەردوو دەستی بۆ چێندرایەوە

فۆتۆ: 
2019-01-11

2449 جار خوێندراوەتەوە

خانمە بارزگانێکی سکۆتلەندی پاش ئەوەی چەندین ساڵ چاوەڕوان بوو، لە نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوودا هەردوو دەستی بۆ چێندرایەوە.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژەی بەوەکردووە، کۆرین هۆتونی تەمەن ٤٧ ساڵ یەکێكە لەو کەسە یەکەمینانەی بەریتانیا کە دەستەکانی بۆ دەچێندرێتەوە پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ هەرچوار پەلی لەدەستدا بەهۆی تووشبوونی بە هەوکردنی سییەکان و ژەهراویبوونی خوێن کە مەترسی لەسەر ژیانی دروستکرد.

کاتێك تووشی ئەو نەخۆشییە بوو پزیشکان پێیان ڕاگەیاند کە ئەگەری مانەوەی لە ژیاندا تەنها %٥ دەبێت، بەڵام ئەو بەرگەی گرت و توانی بەسەر نەخۆشییەکەدا سەرکەوتوو بێت، هەروەها کۆمەڵەیەکی بۆ ئەو کەسانە دامەزراند کە پەلەکانیان لەدەستداوە و چەندین چالاکی وەرزشی ئەنجامدا وەك شاخەوانی و بوو بە یەکەم کەس کە هەرچوار پەلی لەدەستداوە و توانیویەتی بەسەر هەردوو لوتکەی کیلیمنجارۆ و بن نیفیسدا سەربکەوێت.

هۆتۆن ماوەی پێنج ساڵ بوو چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد پزیشکان دوو دەستیی گونجاویان دەستبکەوێت کە گونجاوبن لەگەڵیدا تا بتوانن بۆی بچێننەوە، تا لە کۆتاییدا پزیشکان لە نەخۆشخانەی لیدز توانییان دوو دەستیی بۆ بدۆزنەوە کە گونجاوە لەگەڵ ڕەنگی پێستی و جۆری خوێنەکەی و قەبارەی دەستەکانی و لە نەشتەرگەرییەکدا کە ١٢ کاتژمێری خایاند بۆیان چاندەوە.

هـ،ڕ