سەردێڕ:

​رۆژهەڵاتی کوردستان.. سزای ٢٦ ساڵ زیندانی بەسەر چالاکێکی مەدەنیدا سەپێنرا

کیانووش قەهرەمانی چالاکانی پێڕەوی ئایینی یارسان (کاکەیی)
فۆتۆ: ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ (هەنگاو)
2019-01-11

1790 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای دادوەری ئێران بەتۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی، سزای ٢٦ ساڵ زیندانی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی قەسری شیریندا سەپاند.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ (هەنگاو) ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هاوڵاتییە ناوی(کیانووش قەهرەمانی)یە، خەڵکی قەسری شیرین سەر بەپارێزگای کرماشانە و یەکێک لە چالاکانی پێڕەوی ئایینی یارسان (کاکەیی)، ماوەی ساڵێک لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.

ئەوەشی خستەڕوو، ناوبراو یەکێکە لە دەستبەسەرکراوانی زستانی ڕابردووی شاری کرماشان و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا لە بەندیخانەی دێزڵئاوای شاری کرماشان ڕاگیراوە.

لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی کرماشان، زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکران کیانووش قەهرەمانی یەکێک بوو لەو خۆپیشاندەرانە.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) لەماوەی ساڵی ڕابردووشدا ١٨٢ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی (سیاسی و مەدەنی و کرێکاری و مەزهەبی) حوکمی سێدارە و بەندکردن و پێبژاردنی بەسەردا سەپاوە.

هــ.حــ