سەردێڕ:

وێنە.. نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر

فۆتۆ: 
2019-01-11

58042 جار خوێندراوەتەوە

 دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، ئومێد چۆمانی

دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و زیاتر لە دوو هەزار و ٤٠٠ دوکان سوتان لە ئێستادا کاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە بەردەوامە و دوکاندارانی بازاڕەکەش داوا دەکەن بە زووترین کات کارەکانی تەواو بێت.

 تێچووی نۆژەنکردنەوە دوکانەکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر لەسەر ئەستۆی دوکاندارەکانە و لەئێستادا بەشێکی زۆری دوکانەکان دروستکراون.

هاوکات بەشێک لە کاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەش لەئەستۆی حکومەتە بە تایبەتی دانانی ئاوەڕۆ و کارەبا و کۆنکرێت و کەپری بازاڕەکە و دوکاندارەکانیش داوادەکەن، بە زووترین کات کارەکانی تەواو بێت هەتا بازاڕەکە بەڕووی هاوڵاتییاندا بکەنەوە.

لە پێناو دووبارە ڕوونەدانی حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەبازاڕەکەدا بەرگری شارستانی هەولێر، بنکەیەکی ئاگرکوژێنەوەی لە بازاڕەکەدا داناوە هەتا لە حاڵەتی نەخوازراودا بەهانای دوکاندارەکانەوە بچێت.

لای خۆشیەوە پێشتر بۆتان تاهیر بەڕێوەبەری شارەوانی چوار بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە و لەسەر داواکاری ئەنجومەنی دوکاندارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر بە بڕیاری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی حەوت ساڵ گرێبەست بۆ دوکاندارانی بازاڕی لەنگە نوێکراوەتەوە.

بازاڕى لەنگەفرۆشان دەکەوێتە سەر شەقامی ١٠٠ مەتری شاری هەولێر و یەکێکە لە کۆنترین بازاڕەکانی ئەو شارە. دوکانەکانی تایبەتن بە کەلوپەلی پلاستیکيی و جلوبەرگ و هەندێک پێداویستيی دیکەی تێدا دەفرۆشرا بەڵام رۆژی ٢٥ تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە بەوهۆیەوە زۆرینەی دوکانەکان سوتان.

هــ.حــ