سەردێڕ:

نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان: سعودیە ڕێگری دەکات هاوکارییەکان بگاتە دەست دانیشتووانی یەمەن

نەتەوە یەکگرتووەکان ٨٠% دانیشتووانی یەمەن پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-11

486 جار خوێندراوەتەوە

مارک لوکۆک ڕێکخه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ڕایگه‌یاند، سعودیە ڕێگری له‌ گه‌یاندنی هاوکارییه‌ مرۆیەکان بۆ دانیشتووانی یه‌مه‌ن ده‌کات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە" وڵاتی سعودیە پردێکی لە نزیک سەنعای پایتەختی یەمەن دروستکردووە و قەیرانی مرۆڤایەتی لەو ناوچەیە قوڵترکردووەتەوە و ناهێڵێت هاوکارییه‌ مرۆیه‌کان  بگاتە دەست دانیشتووانی یه‌مه‌ن".

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ڕێگرییه‌کانی وڵاتی سعودیە بۆ درووستکردنی پردێکی ئاسمانی له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی سه‌نعا به‌ واتای ئه‌وه‌ دێت که‌ هه‌زاران که‌س له‌ خه‌ڵکی یه‌مه‌ن که‌ ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌رکردنیان له‌ باکوری یه‌مه‌ن له‌بار نییه‌ ده‌بێت ئێش و ئازار بچێژن.

باسی لەوەشکردووە، دۆخی دانیشتووانی یەمەن لە ئاستێکی خراپدایە چونکە ئەوان ناتوانن سەرجەم هاوکارییە مرۆیەکان بگەیەنە دەست دانیشتوانی ئەو وڵاتە و بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ٢٤ ملیۆن کەس کە دەکاتە ٨٠% دانیشتووانی یەمەن پێویستیان بە هاوکارییە.

یەمەن یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی عەرەبی و ماوەى چوار ساڵە شەڕ و پێکدادان لەنێوان حوسییەکان و هێزەکانى سەر بە حکومەت بەردەوامە و رووبەڕووی یەکێک لە خراپترین کارەساتەکان بووەتەوە و بەوهۆیەوە لە ئێستادا زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.

بۆ چارەسەرکردنی دۆخی یەمەنیش مانگێک پێش ئێستا بە چاودێری حکومەتی سوید لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی ئەو وڵاتە حکومەتی یەمەن و حوسییەکان ڕێککەوتنێکیان ئیمزاکرد، بە مەبەستی کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستێک لە یەمەن و گفتوگۆکردن بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، کە چەند ساڵێکە درێژەی هەیە.

هــ.حــ