سەردێڕ:

فازڵ میرانی: دەبێت لایەنەکان سەبارەت بە بەشداری حکومەت خێرا خۆیان یەکلابکەنەوە

١٠٣ ڕۆژ  بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە
فۆتۆ: 
2019-01-11

2452 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند، ئەو لایەنانەى حەزیان لەبەشداریکردنە لە حکومەت دەبێت لەماوەیەکى کورتدا بڕیاری خۆیان بدەن و خۆیان یەکلایی بکەنەوە

بەپێی ماڵپەڕى فەرمى پارتى، فازڵ میرانی ئاماژەى بەوەکردووە، دەبێت بەزووترین کات سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت و دەستبەکاربێت.

فازڵ میرانی ئەوەشی وتووە، ئەو لایەنە سیاسییانەى دیکەش کە حەزیان لە بەشداریکردنی حکومەت هەیە، دەبێت  خۆیان یەکلا بکەنەوە، بۆ ئەوەى بەزووترین کات دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەت دەستپێبکەنەوە.

بەهۆى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى یەوە، ماوەى چەند هەفتەیەکە دانوستانەکانى تایبەت بە پێکهێنانى حکومەت وەستاوە و هیچ وادەیەکیش بۆ دەستپێکردنەوەیان نادیارە.

وەستانى دانوستانەکان دواى بەدیل گرتنى چەند کادیرێکى یەکترى هات لەلایەن پارتى و یەکێتى یەوە، کە دواتر دوانیان دیل بە دیل کران، بەڵام یەکێتى دەڵێت هێشتا چەند کادرێکیان ماوە ئازاد بکرێن.

ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى لەسەر پرسی پێکهێنانى حکومەت لەکاتێکدایە، زیاتر لە ١٠٠ رۆژ بەسەر کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا تیپەڕیوە، بەڵام هێشتا وادەى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت نادیارە، سەرەڕاى ئەوەى چەند گەرێکى دانوستان لەو بارەیەوە بەرێوەچووە.

هـ،ڕ