سەردێڕ:

پۆلیسى دارستان: داوا لە هاوڵاتییان دەکەین ئاژەڵە کێوییەکان ڕاونەکەن

فۆتۆ: 
2019-01-11

842 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی بەفر و سەرمای زۆر بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ژیانی ئاژەڵان لە چەند ڕوویەکەوە دەکەوێتە مەترسییەوە.

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستانی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان لەسەر ئەوەی کە خۆیان بە دوور بگرن لە ڕاوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان چونکە وەک ئەوان دەڵێن بەردەوام ساڵانە لەگەڵ بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان دیاردەی ڕاوکردن ڕوو لە زیاد بوون دەکات، دەشڵێن هەر کەسێک سەرپێچی یاسا ژینگەییەکان بکات دەستگیری دەکەن و بە سزای یاسایی دەگەیەنن.

سەبارەت بە چۆنێتی پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لە ڕۆژانی بەفر و زوقم و سەرمادا ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان داوا لە هاوڵاتیان دەکەن پاشماوەی خۆراک و گەنم و خۆراکی باڵندە لە شوێنە گشتییەکاندا بەشێوەیەکی ڕێکخراو بۆ باڵندە و ئاژەڵەکان دابنێن چونکە وەک ئەوان دەڵێن لە کاتی بارینی بەفردا بە تایبەت باڵندەکان بە زەحمەت خۆراکی پێوستییان دەستدەکەوێت.

ساڵانە لەگەڵ بارینی بەفردا ژمارەیەک هاوڵاتی بە مەبەستی ڕاوکردنی ئاژەڵی کێوی دەچنە چیا و پێدەشتەکان و چەندین ئاژەڵ و باڵندە دەبنە قوربانی هەر بەو هۆیەشەوە بەردەوام هۆشداری دەدرێت لە ئەنجامنەدانی ڕاوکردن و داوا دەکرێت ئەو دیاردەیە بە شێوەیەکی یەکجاری بنبڕ بکرێت.