سەردێڕ:

کچە کوردێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا پلەى یەکەمی بەدەستهێنا

لە زیرەکی بیرکاری  مێشکدا
فۆتۆ: 
2019-01-11

7735 جار خوێندراوەتەوە

لە مەراسیمێکدا خەڵکی شاری بانەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان پێشوازیان لە ڕۆنیا حسێن زادەى ٩ ساڵان کرد کە توانی لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتى بیرکاری مێشکدا کە لە مالیزیا ڕێکخرابوو پلەى یەکەم بە دەستبهێنێت.

ڕۆنیا حسێن زادە کچە کوردێکى دانیشتوى شارى بانەى ڕۆژهەڵاتى کوردستانە لەسەر ئاستى گروپی تەمەنی خۆی و لە نێو زیاتر لە ٢٥٠ بەشداربوودا لە پێشبڕکێیەکدا پلەى یەکەمی بەدەستهێنا و بەو سەرکەوتنە گەورەیەوە گەڕایەوە شارەکەی

ڕۆنیا بە ئێن ئاڕ تى وت، زۆر هەست بە دڵخۆشی دەکات کە توانیویەتی سەرکەوتنێکى بەوجۆرە بە دەستبهێنت.

ئاستى زیرەکی ڕۆنیا هەر لەسەرەتاى چوونە قوتابخانەیەوە لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی هەستی پێکراوە، ئەوەش کاتێک بووە کە هەر زوو مامۆستاکانى قوتابخانەکەى باوک و دایکی ڕۆنیایان لە زیرەکییەکەى ئاگادارکردوەتەوە و پێشنیازیان بۆ کردووە بیبەنە قوتابخانەى تایبەت بە بوارى پەروەردەکردنى مێشک، بۆیە ئەوانیش بردویانەتە ئەو قوتابخانە تایبەتە بەوەش هێندەى دیکە ئاستى زیرەکییەکەى زیاتربووە.

حەبیب حسێن زادە باوکی ڕۆنیا بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، دڵخۆشن بەسەرکەوتنى کچەکەیان و لە بەرنامەیاندایە لە داهاتوودا گرنگی زیاتری پێ بدەن تاوەکو بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی.

لە ماوەی رابردووشدا خوێندکارێکی دیکەی شاری پاوە بە ناوی کیانا عەبدوڵڵاهی  قوتابی پۆلی شەشی سەرەتایی و تەمەن ١١ ساڵ توانی لە پێشبڕکێیەکی لێکدانەوەی بیرکاری لە نێوان ١٠٠ قوتابی کە لە مالیزیا بەڕێوەچوو، پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت، مەدالیای ئاڵتونی پێبەخشرا.