سەردێڕ:

دەرهێنەری ئەو فیلمەی بڕیاربوو لە سینەما سالم نمایشبکرێت بۆ ئێن ئاڕ تى دەدوێت

فۆتۆ: 
2019-01-10

3212 جار خوێندراوەتەوە

سۆلە سەمیرە نوسەر و دەرهێنەری ئەو فلمەی بڕیاربوو سبەینێ لە سینەما سالم نمایشبکرێت، بەڵام بەهۆی داخستنی سینەما سالمەوە کاتی نمایشەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، لەبارەی فلمەکەوە بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی دەدوێت.

لە دوو ڕۆژی رابردوودا ئیدارەی سینەما سالم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند کە بەهۆی فلمێک لەسەر شەهید ساکینە جانسز ئاسایشی سلێمانی سینەماکەیان داخستووە.

پاش ڕۆژێک لە داخستنی سینەماکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد بەهەوڵی رۆشنبیران و هەڵوێستی هونەرمەندان سینەماکە کراوەتەوە، بەڵام کاتی نمایشکردنی فلمەکە گۆڕاوەو لەکاتی خۆیدا نمایش ناکرێت.

 لەلێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی سۆلە نوسەر و دەرهێنەری فلمەکە وتی "پێموابوو خەباتی ژنێکی شوڕشگێڕی وەک شەهید ساکینە جانسز بۆ هەموو تاکێک گرنگە بەتایبەت بۆ سینەماکار و سیاسەتمەدار و کچان و ژنانی کورد! پێمخۆشە بشزانن ئەو فیلمەی وایکرد دەرگای سینەمام لەسەر داخەن! زۆر بەخێرایی کۆمەڵێک ڕووداو پشان دەدات 'وردەکاری ئەم فلمە بچوکە بۆ داهاتوو بەجێدەهێڵین'بەڵام شایەنی ئەوەیە تورکیا لێی بترسێت چونکە ئاگای لێیە ئیتر بە سینەما شەڕیان لەگەڵ دەکەین".

سۆلە دەڵێت "مرۆڤ پێویستە خاوەنی هەڵوێست بێت ! کچێکی ۲۳ ساڵ و فلمێکی کورت و سادەی بۆتە هەڕەشە لەسەر وڵاتێکی گەورەی وەک تورکیا!"

 فلمەکە ناوی "سێ رۆژ لە دە ساڵ" پێشتر نمایش نەکراوە، ناوەڕۆکی فلمەکە باسی ڕەوشی ژنانی کورد دەکات لە ناو زیندانی تورکیا، بە تایبەت ژیانی (سەکینا جانسز) کە لە ساڵی ۱۹٨۰تا ١٩٩١ لە زینداندابووە، بە گشتی باسی ئەوە دەکات کە بە چ شێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، وەک دەستدرێژیی سێکسی، ئازاردان و تەعزیبدان، سووکایەتی کردن بە خۆیان و میللەتی کورد بە گشتی، ماوەی فلمەکە ۱۷خولەکە، لەلایەن رێکخراوی نوێگەرەوە بەرهەمهێنراوە.

سۆلە سەمیرە لەساڵی ۱۹۹٤ لە سلێمانی لەدایکبووە، بەکالۆریۆسی هەیە لە ژمێریاری لە زانکۆی سلێمانی، ئێستا لە قۆناغی دووەمی زانکۆی سلێمانی لە بەشی فلمسازی دەخوێنێت، لە ساڵی ۲٠۱٥ دەستی بە نووسین کردووە، زۆرینەی نووسینەکانی لەبارەی ژنانەوەیە، ئەم کورتە فلمە یەکەم کاریەتی لەبواری فلمسازیدا وەک نووسین و دەرهێنان.