سەردێڕ:

سلێمانى.. نەشتەرگەرییەكی دەگمەن بە سەرکەوتوویی کرا

لە سلێمانى نەشتەرگەرییەكی دەگمەن بە سەرکەوتوویی کرا
فۆتۆ: 
2019-01-10

18951 جار خوێندراوەتەوە

کاتێک عەبدولڕەحمان تووشى ڕووداوێک بووە بە ماتۆڕسکیلەکەى، کەسوکارەکەى چاوەڕێى ئەوەیان نەکردووە کوڕەکەیان لە ژیاندا بمێنێت، چونکە لەلایەن پزیشکەکانەوە پێیان وتراوە، شاخوێنهێنەرى دڵى پچڕاوە و لە سەدا ٨٠ بۆ ٨٥ى ئەو کەسانەی تووشی ئەو حاڵەتە دەبن گیانلەدەستدەدەن، بەڵام لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى نەشتەرگەرییەکى دەگمەن بۆ ئەو گەنجە کراوە و لە ئێستادا بارى تەندروستى جێگیرە.

عەبدولڕەحمان محەمەد تەمەنى ٢٠ ساڵە و خەڵکى پشدەرە، مانگێک پێش ئێستا بە ماتۆڕسکیل وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە شاخوێنبەرى دڵى پچڕاوە، پاش گەیاندنى بە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى لەلایەن تیمێکى پسپۆڕەوە نەشتەرگەری بۆ کراوە، کە بە وتەى پزیشکەکان لە ئاستى جیهاندا دەگمەنە و نەشتەرگەرییەکەش سەرکەوتوو بووە.

دیلان ئەحمەد بەكر پسپۆڕی نەشتەرگەری سنگ و دڵ و دەمارەكانی خوێن دەڵێت، ڕوودانى ئەو حاڵەتە دەگمەنە و ئەو کەسانەشى تووشی ئەو حاڵەتە دەبن نیوەیان پێش گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانلەدەستدەدەن، بەڵام توانییان کێشەى ئەو گەنجە بە نەشتەرگەرى چارەسەربکەن.

مانگێکە گەنجەکە لە بەشى چاودێریى وردە لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى و بارى تەندروستى بەرەو باشى دەڕوات و کەسوکارەکەشى دەڵێن، وەک پێویست چارەسەرى بۆ کراوە و توانراوە ژیانى لە مردن ڕزگار بکرێت.

بەرپرسانی تەندروستییش دەڵێن، چەند ساڵێکە لە هەرێمى کوردستان بەشێک لەو نەشتەرگەرییانەى دەگمەنن دەکرێن، بەوەش ئەرکى کەسوکارى نەخۆشەکان بۆ ناردنە دەرەوەیان ئاسان بووە و، ژیانى بەشێک لەو کەسانەش ڕزگارکراوە کە مەترسى لەدەستدانیان هەبووە.

ئ.ر