سەردێڕ:

بەشێک لەو یاسایانەی پەرلەمانى کوردستان دەریکردوون جێبەجێنەکراون

بەشێک لەو یاسایانەی پەرلەمانى کوردستان دەریکردوون جێبەجێنەکراون
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-10

483 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمان، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی یاسادانانە، بەڵام بەشێک لەو یاسایانەی پەرلەمان دەریکردوون، جێبەجێ نەکراون یان بە نیوەناچڵی جێبەجێ کراون.

ئەو یاسایانەی کە کەمتەرخەمی هەیە لە جێبەجێکردنیاندا، بریتین لە یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم، یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دەوڵەت و دەستکەوتنی زانیاری و چەند یاسایەکی دیکە.

ڕەخنەی ئەوەش لە خولی پێشووی پەرلەمان دەگیرێت کە نەیتوانیوە چاودێرێکی باش بێت بەسەر حکومەتەوە و فشاربکات بۆ جێبەجێکردنی یاساکان.

كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، حکومەت بەشێک لە یاساكانی پشتگوێخستووە، لەم خولەی پەرلەمانیشدا لە ڕێگەی بەدواداچوونی لیژنەکانی پەرلەمان و بانگهێشتکردنی وەزیرەکانەوە، فشاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی یاساکان و فشاردەخەنە سەر دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆئەوەی حکومەت ناچاربکات یاساکان جێبەجێ بکات.

زانا مەلا خالید ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنى پارتییش دەڵێت، یاساكان پەیوەستن بە ژیانی خەڵكەوە و پێویستە جێبەجێ بكرێن و لەم خولەی پەرلەمانیشدا فشاربکەن بۆئەوەی حكومەت پابەندبێت بە جێبەجێکردنیانەوە.

دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنى  گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات، ئەو یاسایانەی کەموکورتییان هەیە دەبێت هەمواربکرێنەوە، هیوادارن لەم خولەى پەرلەماندا سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان لەو یاسایانەدا یەکدەنگبن کە لە بەرژەوەندی خەڵکدایە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە سەدان لاپەڕەی پڕۆژە یاساکان لەسەر ڕەفەکانی پەرلەمان تۆزیان لەسەر نیشتووە، کە بۆ کێشە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراون، بەڵام بەهۆی ململانێی نێوان لایەنەکان و کێشە سیاسییەکانەوە، لە پەرلەمان نەکراون بە یاسا.

ئ.ر

‌بەپەلە