سەردێڕ:

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد

بۆ تاوتوێکردنی پرۆژە یاسای بودجە
پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-10

1316 جار خوێندراوەتەوە

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە و چەند پرسێکی دیکە دەستیپێکرد.

لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا پەرلەمانی عێراق بەردەوامی دەدات بە گفتوگۆکانی پڕۆژە یاسای بودجە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت.

هەر بەپێی بەرنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، خوێندنەوە و گفتوگۆی چەند پێشنیار و پڕۆژە یاسایەکی دیکە دەکرێن لەوانەش یاسای خزمەت و خانەنشینی سەربازی، یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، پڕۆژە یاسای زیادەڕەوی نیشتەجێبوون و دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری.

لە دانیشتنەکەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لیژنەی ئاسایش و بەرگری راسپارد بۆ بەدواداچوونی دەنگۆی سەردانی چەند شاندێکی عێراقی بۆ ئیسرائیل.

سەرۆکی پەرلەمان هەروەها لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی هەرێمەکانیشی بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی شەنگال راسپاردووە.

هەر لەدانیشتنەکەدا نوفڵ بەها موسا وەک وەزیری کۆچ و کۆچبەران سوێندی یاسایی خوارد.

٢٠ ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کرا و نوێنەرانی کوردیش ناڕەزایی خۆیان پیشاندا و پێیان وابوو کە پشکی هەرێم بە پێی ژمارەی دانیشتوانەکەی نییە و ستەم لە خەڵکی کوردستان کراوە.

ع.ا