سەردێڕ:

میدیا جیھانییەکان.. بەمنزیکانە ئەمریکا و کۆریای باکوور کۆدەبنەوە

فۆتۆ: 
2019-01-10

466 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، فەیسەڵ میقداد، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا گەشبینی خۆی سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان و دیمەشق نیشانداوە، و دەڵێت، بە نێوەندگیری رووسیا بەرەوپێشچوون هەبووە، ناوبراو وتوشیەتی، ئەزموونی پێشتری گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنی کورد هاندەر نەبووە، بەڵام ئێستا پرسەکان بە ئەنجام دەگەن.

++++

لە ماڵپەڕی ئەلجەزیرەدا هاتووە، مون جەی ئین سەرۆکی کۆریای باشوور ڕایگەیاندووە، بەمنزیکانە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور ئەنجام دەدرێت،و ئەوەش دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی گفتوگۆ ئاشتییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی کۆریای باشوور هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات تا پرسی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر کۆریای باکوور چارەسەربکرێت.

++++

رۆژنامەی گاردیان بڵاوکردووەتەوە، جێرمی کۆربین سەرۆکی پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ئەگەر پڕۆژەکانی تێرێزا مەی سەرۆک وەزیران سەبارەت بە چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە پەڕلەمان دەنگی پێویستی نەهێنا، پێویستە لە نزیکترین وادەدا هەڵبژاردنی گشتی لە بەریتانیا ئەنجامبدرێت، کۆربین وتوویەتی،  بۆ ڕزگاربوون لە دۆخی چەقبەستووی ئێستای بەریتانیا، هەڵبژاردن وەک بژاردەیەکی گونجاو و دیموکراسیانە دەبینین.

+++

ماڵپەڕی سکای نیوز باس لەوەدەکات، بانكی نێودەوڵەتی جیهان پێشبینی کردووە ئابوری جیهان لەمساڵدا بۆ لە سەدا ٢ پۆینت ٩خاوببێتەوە، و هۆکارەکەشی بۆ ئاڵۆزیەکانی بازرگانی و لاوازی جوڵەی بازرگانی جیهانی دەگەڕێتەوە. کریستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بانكی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا ئابوری جیهان بەهەموو وزەیەكییەوە كاریدەكرد، بەڵام ئێستا توانا و پاڵنەری لەدەستداوە.

+++

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، زانایانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە هەوڵی ئەوەدان گۆڕانکاری لە چارەسەری کیمیایی توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە بکەن، بەجۆرێک چارەسەرەکە کەمتر ژەهراوی بێت و کاریگەرە لاوەکییەکانی کەمتربێتەوە. زانایان لە تاقیکردنەوەکەیاندا توانیویانە ئیسفەنجێکی زۆر بچوک لە بۆری خوێنهێنەردا جێگیربکەن و دوای ئەوەی دەرمانە کیمیاییەکە بەر گرێ شێرپەنجەییەکە دەکەوێت، لە ڕێگەی ئەو ئیسفەنجەوە، بڕی زیادەی ماددە کیمیاییەکە لە لەش بکرێتە دەرەوە.

هــ.حــ