سەردێڕ:

گەڕەکێکی کۆیە هەفتەیەکە ئاوی خاوێنیان پێنەگەیشتووە

پیسبوونی ئاوی گەڕەکی ئازادی کۆیە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-10

1241 جار خوێندراوەتەوە

گەڕەکی ئازادی لە کۆیە ماوەی هەفتەیەکە بێ ئاوی خواردنەوەن و بەشێک لە هاوڵاتیانی گەڕەکەکەش لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاوی شارەکە هەوڵیانداوە کێشەکە چارەسەر بکەن.

هەرچەندە دانیشتوانی گەڕەکەکە ئاویان پێ دەدرێت بەڵام بەهۆی قوڕاویبوون و چەوربوونی ئاوەکەیانەوە بەکەڵکی خواردنەوە نایەت و هاوڵاتیانیش لە چارەسەرنەکردنی کێشەی ئاوەکەیان نیگەرانن.

ئەو ئاوەی بە ماڵەکانی بەشێک لە گەڕەکەکە دەدرێت ناتوانرێت بەکاربهێنرێت، هەر بۆیە هاوڵاتیان ناچارن بە تانکەر ئاوی پاک بکڕن.

هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە بەشێک لەم کۆڵانەی هەڵکۆڵیەوە تا کێشەکە بدۆزێتەوە و محەمەد فەقێش بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە دەڵێت، تا ئێستا بۆیان دەرنەکەوتووە کێشەی ئاوی ئەو ماڵانە چییە بۆیە لەهەوڵدان کێشەکە بدۆزنەوە .

سەبارەت بە کێشەی ئاوی بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکی ئازادی، بژوێن وشیار شارەزای بواری ژینگە دەڵێت، "ئەو ئاوە بەهیچ شێوەیەک بۆ خواردنەوە شیاو نیە و لە وەرزی زستانیش بەهۆی قوڕاوبوونی زێی بچوکەوە ئاوی خواردنەوەی کۆیە باش نیە."

بەوتەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە زۆرێک لەو بۆریانەی کە ئاو بۆ گەڕەکەکانی کۆیە دابین دەکەن کۆن بوون و پێویستیان بە گۆڕین هەیە، هەرچەندە پێشتر بە نوسراو داواکراوە کە بۆری تازە بۆ کۆیە دابین بکرێت بەڵام تائێستا حکومەت داواکاریەکانی جێبەجێ نەکردون.

ع.ا