سەردێڕ:

مەترسی بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە عێراق زیاتربووە

مەترسی بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە عێراق زیاتربووە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-10

574 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوە دادوەرییەکانی عێراق رایانگەیاند، لە ساڵى ٢٠١٨ دا زیاتر لە ٥٠٠ تۆمەتبار بە بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەى مادەى هۆشبەر تەنها لە بەغداى پایتەخت دەستگیرکراون و ١٠٠ فەرمانی دیکەى گرتن بۆ بەکارهێنەران و ئەوانەى مامەڵەى پێوەدەکەن دەرچووە.

ئەم سەرچاوانە لەرێگەى رۆژنامەى فەڕمى دەسەڵاتى دادوەریی عێراقەوە باسیان لەوەکردووە، پاش تۆمارکردنى چەند حاڵەتێکى بڵاوکردنەوەى مادە هۆشبەرەکان لە قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکان، مەترسییەکە لەهەموو کات جدیدتر بووە، ئەوانەشى بەکاریدەهێنن پاڵێوراون بۆئەوەى ببنە بازرگانى ئەو مادانە لەماوەیەکى کەمدا، بەتایبەت ئەوانەى کە بێکارن، چونکە دەسکەوتى خێراو گەورەى تێدایە.

بەپێى داتاى دادگاکان، چەند جۆرێک لەمادە هۆشبەرەکان لەناو بەغدا بڵاون، بەڵام زۆرترینیان مادەى کریستاڵ و حەشیشە، ئەوانەشى ئەو مادانە دەگەیەننە بەغدا تۆڕێکن کە بەدواداچوون و ئاشکراکردنى سەرچاوە و شوێنەکانیان قورسە، چونکە بازرگانانى ئەم مادەیە تەنها لەگەڵ تۆڕەکانى خۆیان مامەڵە دەکەن کە جێگەى متمانەیانن.

دۆسیەکانى دادگاش ئاشکرایدەکەن، کە سەرچاوەى هەناردەکردنى مادەى هۆشبەر بۆ عێراق زیاتر ئێران و لوبنان و وڵاتانى کەنداوە، هەروەها بەلەمى هۆڕەکانى باشوریش بەکاردەهێنرێن بۆ گواستنەوەى ئەم مادەیە. قاچاخچییەکانیش بەزۆرى لەناو گوێنییەکانى برنج و ئارددا مادەکان دەشارنەوە. جگە لەوەش بازرگانەکان جۆرەها فێڵیان هەیە بۆ خۆدزینەوە لەچاودێرى وەک تێکەڵکردنى مادەى هۆشبەر لەگەڵ نێرگەلە و توتن و تەنها بەو کەسانەشى دەفرۆشن کە زۆر متمانەیان پێیان هەیە.

دادوەرەکان باسیان لەوەکردووە، فرۆشیارانى ئەم مادە یاساغانە وەهاى بڵاودەکەنەوە کە کریستاڵ هۆیەکە بۆ چالاککردنى تواناى سێکسی و بۆ خۆدزینەوە لە پشکنینى وردى بازگەکانیش، بازرگانەکان زیاتر پشت بەکچان و ژنانى یانەکان دەبەستن، هەروەها هەندێک کارمەندى ئەمنیش دەستگیرکراون کە باجى وەزارەتى ناوخۆیان قۆستووەتەوە بۆ ئاسانکاریکردنى گواستنەوەى ئەو مادانە.

یەکێک لەو دادوەرانەى پسپۆڕە لە کەیسى مادە هۆشبەرەکان، باسى لەوەکردوە، لە دوو زانکۆى ئەهلى و لە قوتابخانەیەکى ناوەندى بەغدا ریکلام بۆ مادەى هۆشبەر ئاشکرا کراوە. لەلاى خۆشیانەوە دادوەرەکان سکاڵاى ئەوەدەکەن کە یاساکانى سزادانى بەکارهێنەرانى هۆشبەر هێشتا سووکە و ژمارەیەکى زۆر لەوانەشى دەستگیرکراون دواتر بە بڕیارى لێبوردن کەوتوون و دیسانەوە گەڕاونەتەوە بۆ پیشەى پێشوویان و جارى وەها هەبووە یەک باند چوار کیلۆ مادەى حەشیشیان پێوە گیراوە لەگەڵ نیو کیلۆ کریستاڵ، سەرۆکى هەندێ لەباندەکانیش کچ بوون و هەندێ لەبەکارهێنەرانى ئەو مادانەش هەر لە ڕەگەزى مێ بوون.

دادوەرانى ئەم کەیسانە هۆکارى بڵاوبوونەوەى ئەو مادانە دەگێڕنەوە بۆ دۆخى خراپى ئابوورى و بێکارى و هاورێى خراپ و کەمى هوشیاریی و داواى کردنەوەى شوێنى چارەسەرى ئالوودە بوانیان کردووە لەسەر شێوازى ئەو وڵاتەى بەم مادانەوە گیرۆدەن.

ش.ق