سەردێڕ:

لە کۆنگۆ ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بردەوە

فێلیكس چیسێكیدی براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆنگۆ
فۆتۆ: میدیا جیهانییەکان
2019-01-10

461 جار خوێندراوەتەوە

كاندیدی ئۆپۆزسیۆن فێلیكس چیسێكیدی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆنگۆی برده‌وه‌ و بوو بە یه‌كه‌م ركابه‌ری ئۆپۆزسیۆن كه‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی بگرێته‌ ده‌ست له ‌مێژووی كۆنگۆی سه‌ربه‌خۆدا. 

كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی کۆنگۆ رایگه‌یاند، به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان چیسێكیدی %٣٨.٥ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌ و ده‌بێته‌ سه‌رۆكی داهاتووی كۆنگۆ.

 چیسێكیدی له‌ پێش هه‌ردوو ركابه‌ره‌کانیەوە دێت کە بریتین لە مارتن فه‌یولوی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن و ئیمانوێل شاده‌ری كاندیدی پارتی باڵاده‌ست.

جۆزێف كابیلای سه‌رۆكی ئێستای كۆنگۆ كه‌ ١٨ ساڵه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدایه‌ له ‌دوای تیرۆركردنی باوكییه‌وه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠١دا، به‌ڵێنی یه‌كه‌م گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ له‌دوای راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كۆنگۆوه‌ له‌ ده‌ستی داگیركاری به‌لجیكی له‌ ساڵی ١٩٦٠دا

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا ئه‌نجامه‌كانی هەڵبژاردن به‌ فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌ندراون، به‌ڵام كۆمیسیۆن ده‌ڵێت چیسێكیدی ٧ ملیۆن ده‌نگ و فه‌یولوی ٦.٤ ملیۆن و شاده‌ری ٤.٤ ملیۆن ده‌نگیان بەدەستهێناوه‌ و كاندیده‌كان بۆیان هه‌یه‌ تانه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كان بده‌ن و دواتر دادگای ده‌ستوری تانەکان یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

چیسێكیدی كه‌ كوڕی ئێتیان چیسێكیدی سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌ وه‌ك گرنگترین كاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی، په‌یمانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ژاری داوه‌.

له‌ دوای راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كۆماری دیموكراسی كۆنگۆ له‌ ده‌ستی به‌لجیكیه‌كان له‌ ساڵی ١٩٦٠ه‌وه‌ ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات لەو وڵاتەدا به‌شێوه‌ی خوێناویی بووە‌ وەک تیرۆرکردن و کودەتا.

ع.ا

‌بەپەلە