سەردێڕ:

دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە

جێف و ماکێنزی دوای ٢٥ ساڵ ژیانی هاوسەرگیری جیادەبنەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-10

28816 جار خوێندراوەتەوە

جێف بیزۆس دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان لە ماکێنزی بیزۆسی هاوسەری جیادەبێتەوە.

دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، بڕیاری جیابوونەوەی لە ماکێنزی بێزۆسی هاوسەری داوە و هاوسەرەکەشی بڕیارەکەی واژۆ کردووە.

لە تویتەکەیدا کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا نوسیویانە ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەوان وەک هاوڕێی یەکدی دەمێننەوە.

هەر لە بڵاوکراوەکەیاندا بە شانازییەوە باسی ژیانی رابردوویان دەکەن.

ئەم بڕیارەی دەوڵەمەندترین خێزانی دونیا دوای ٢٥ ساڵ لە ژیانی پێکەوەیی دێت و راشیانگەیاندووە ساڵانی داهاتوو وەک دوو هاوڕێ و ئەگەریش زۆرە وەک هاوبەشی یەکدی لەپڕۆژەکانیاندا بمێننەوە.

بیزۆس لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بە رۆڵی ماکێنزی هاوسەری داوە لە سەرکەوتنەکانیدا.

بەپێی گۆڤاری فۆربێس، بیزۆسی خاوەن ١٣٧ ملیار دۆلار واژۆ لەسەر گرانترین جیابوونەوەی جیهان دەکات و دوای ئەم بڕیارە ئەگەر هەیە بێزۆس ناونیشانی (دەوڵەمەندترین کەسی دونیا) لەدەستبدات.

سەروەتی هەردوو هاوسەرەکە دەگات بە ١٦٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی.

جێف بیزۆس دامەزرێنەری پێگەی ئەمازۆنە لە بواری فرۆشتنی بازرگانی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە کە لە ساڵی ١٩٩٤ دامەزراوە.

جێف بیزۆس ئەمساڵ ئاشکرایکردبوو، لەگەڵ خێزانەکەیدا بڕیاریانداوە سندوقێکی کۆمەک بە بڕی ٢ ملیار دۆلار دروستبکەن بۆ بواری هاوکاریکردنی ئەو ڕێکخراوانەی کە لە بواری کاری مرۆییدا کاردەکەن، بەتایبەت بۆ هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کە شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە.

ع.ا