سەردێڕ:

یەکێتیی ئەوروپا دەزگای هەواڵگریی ئێران و دوو هاوڵاتیی خستە لیستی تیرۆرەوە

فۆتۆ: 
2019-01-10

2729 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا ئێران دەیەدوێت پشتی بە ئەوروپا قایم بکات تا کاریگەریی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا بەسەریدا سوک بکات، بەڵام ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا دەزگای هەواڵگریی ئێران و دوو هاوڵاتی ئەو وڵاتەی سزادا و خستنییە لیستی تیرۆرەوە.

لە کۆبوونەوەی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپادا لە شاری برۆکسل پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوەی هۆڵندا بەرپرسانی ئێرانی بە پلاندانان بۆ هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی تۆمەتبارکرد، بەوەی لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ دا دوو کەسایەتیی بە رەچەڵەک ئێرانی و نەیاری حکومەتی تارانیان لە شارەکانی ئەمیستردام و لاهای کوشتووە.

سزاکان لەسەر داوایەکی فەرمی دانیمارک بووە، کە پێشتر داوای لە هاوبەشەکانی کردبوو، سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنن دوای ئەوەی حکومەتی کۆبنهاگن دەسەڵاتدارانی تارانی تۆمەتبارکرد، بە هەوڵی کوشتنی نەیارەکانی لەو وڵاتە، کە لە نەتەوەی عەرەبی ئەهوازن.

هەر بۆیە بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا بووە مایەی دڵخۆشی دانیمارک و وەزیری دەرەوەی ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژێکی گرنگە بۆ سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کە هیچ کاتێک ڕەفتاری نایاسایی لەلایەن ئێرانەوە یان هەر وڵاتێکی ترەوە قبوڵناکات.

بەپێی سزاکە، سامان و سەرچاوە داراییەکانی دەزگای هەوڵگریی ئێران و دوو هاوڵاتی ئێرانی بلۆک دەکرێن، هۆکارەکەشی پلاندانیان بووە بۆ کردەیەکی چەکداریی لەناو یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا.

بەوەش ژمارەی ئەو کەس و قەوارانەی کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە تائێستا خراونەتە لیستی تیرۆرەوە گەیشتە ١٥ کەس و ٢١ قەوارە.

ئەو هەنگاوەی یەکێتی ئەوروپا، دەسەڵاتدارانی تارانی توڕە و نیگەران کردووە و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی ھۆڵەندا و دانیمارك و فەڕەنسا ئەندامانی موجاھیدینی خەلق حەشار دەدەن، كە تائێستا ١٢ ھەزار كەسیان لە ئێران كوشتووە، وتیشی لە سەردەمی  بەعسیشدا  لە تاوانەکانی سەدام دژ بە کورد بێدەنگ بوون.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا لە وڵاتەکانی دانیمارک، بەلجیکا و ئەڵمانیا و فەرەنسا چەندین هاووڵاتیی ئێرانی دەستگیرکران، کە بەتەمای تەقینەوە و کوشتنی چالاکوانانی سیاسیی دژ بە ئێران بوون، کە ئەمەش بووەتە هۆکاری ساردیی پەیوەندییەکانی ئێران و چەند وڵاتێکی ئەورووپی.

ئ. ف