سەردێڕ:

عادل عەبدولمەهدی: ئاگاداری جێگیرکردنی هێزی نوێی ئەمریکا لە عێراق نیم

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانى عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-09

2086 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، تائێستا هیچ زانیارییەکی پێنەگەیشتووە سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزی نوێی ئەمریکا لە سەر خاکی عێراق.

لەمیانی کۆنفرانسی ڕۆژنامەنوسی هەفتانەیدا، عادل عەبدولمەهدى رایگەیاند، ژمارەى هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەكان لە عێراق كەمیكردووه کە لەنێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدا کاردەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزی نوێی ئەمریکا لە سەر خاکی عێراق پێنەگەیشتووە.

سەبارەت بە گواستنەوەی دۆسێی ئەمنییش لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، عادل عەبدولمەهدی هیوای خواست ئەو کارە لە هەندێک لە پارێزگاکانی عێراق بکرێن.

لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی چوونی هێزێکی ئەمریکا بۆ سەربازگەی کەیوەن لە کەرکوک بڵاوبووەتەوە و هەندیک لە ماڵپەڕ و رۆژنامەکانی هەرێم رایانگەیاندووە، ئەمریکا داوای لە ھێزەکانی عێراق کردووە سەربازگەی کەیوەن چۆڵبکەن، تا ھەموو ھێزەکانی لەو سەربازگەیە کۆبکاتەوە و بیکاتە سەربازگەیەکی گەورە.

دواتریش پۆلیسی کەرکوک لە روونکردنەوەیەکدا  بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەو هێزە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی هێزەکانی پێشوویان هاتوونەتە سەربازگەی کەیوەن.

ش.ق