سەردێڕ:

تاڵیبان دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا ھەڵوەشاندەوە

چەند چەکدارێکی رێکخراوی تاڵیبان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-09

1184 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تاڵیبانی ئەفغانستان ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا ھەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیاربوو ئەم ھەفتەیە لە قەتەر بەڕێوەبچێت.

ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی تاڵیبان بڵاویکردووەتەوە، ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکانی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوولایەن رێکنەکەوتوون لەسەر خشتەی کارەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە بەشداریکردنی بەرپرسانی ئەفغانستان و بابەتی ئاگربەست و گۆڕینەوەی دیلەکان.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "بەرپرسانی ئەمریکا سووربوون لەسەر پێویستی چاوپێکەوتنی تاڵیبان بە بەرپرسانی ئەفغانستان لە قەتەر، ھەروەک دوولایەن ڕێکنەکەوتوون لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ساڵی ٢٠١٩ دا."

بە وتەی بەرپرسانی باڵای ئەفغانستان بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە (٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی تاڵیبان و ئەمریکا لە قەتەر بەڕێوەبچێت و گفتوگۆکانیش دوو ڕۆژ بخایەنێت، بەڵام تاڵیبان ڕەتیکردووەتەوە بەرپرسانی حکومەتی ئەفغانستان بەشداری دانوستانەکان بکەن و بە بووکەڵە وەسفیکردوون.

پێشتریش زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی رێکخراوی تاڵیبان رایگەیاندبوو، ھەردوولا کاردەکەن لەسەر وردەکاریەکان و تا ئێستا خشتەی کارەکانی دانوستانەکان ڕوون نیە.

ش.ق