سەردێڕ:

پێشبڕکی و بەشکردنی میراتی جەنگ مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعشی لە عێراق زیاترکردووە

فۆتۆ: 
2019-01-09

4375 جار خوێندراوەتەوە

هاوكات لەگەڵ قەیرانە سیاسییەکانى ئێستاى عێراق کە دواترینیان گرێى تەواونەکردنى کابینەکەى عەبدولمەهدییە، شیکاروانە ستراتیژییەکان هوشیارى لە خزانى وڵات دەدەن بۆ ناو قەیرانى ئەمنى بەهۆى لێکەوتەى ململانێى ئیقلیمى لەسەر عێراق و خاوبونەوەى هێزە ئەمنى و شەڕکەرەکانى عێراق

هەندێ لە شارەزایانى زانستى سیاسى ئاماژە بەوە دەکەن راستە حکومەتى عەبدولمەهدى ئیستا بەربەستە کۆنکرێتییەکانى بەغدا هەڵدەگرێت وەک ئاماژەیەک بۆ باشبوونى رێژەیی ئاسایش، بەڵام بەپێى دوا زانیارییەکان ئامادەیی هێزە شەڕکەرەکانى بەغدا لە ٥٠% کەمترە بەبەراورد بەسەردەمى شەڕى داعش. ئەم پاشەکشەیە زۆرێک دەیگیڕنەوە بۆ کێبەرکێ لەسەر بەشکردنى میراتەکانى جەنگ، هاوکاتە بۆ پێشبڕکێى لیستە شیعەکان لەناو پەڕلەمان بۆ دەرکردنى یاساى "چوونە دەرەوەى هێزە بیانییەکان"، کە لەکاتى خستنەڕوویدا قەیران و مشتومڕى زۆر دروست دەکات و ئاسەوارو لێکەوتەى ئەمنیشى بەدوادا دێت.

دوا خەمڵاندنەکانى پنتاگۆن ئاماژە بەوە دەکەن هێشتا رێکخراوى داعش لە عێراق و سوریا دەوروبەرى ٣٠ هەزار چەکدارو شانەى نوستوى هەیە، ئەمەش سێ هێندەى ژمارەى چەکدارانى ئەو رێکخراوە دەکات کاتێک سێ یەکى خاکى عێراقیان کۆنترۆڵ کرد. هەندێک لەچاودێرانى ئەمنى بەمدواییانە باسیان لەوەکردووە ئەو ئارامی و بێدەنگییەى ئێستا لەشارەکانى عێراق هەیە، دەشێت هۆکارەکەى خۆمەڵاس دانى داعش و چاوەرێکردنى دەرفەتى گونجاو بێت بۆ دەستکردنەوە بەچالاکى، پاش ئەوەى لەچوار ساڵى ڕابردوودا گوزرى سەربازیی گەورەى خواردو دەسەڵاتەکەى لە پارێزگاکانى ئەنبارو سەلاحەدین و موسڵ تێکشکێنرا.

چاودێرە ئەمنییەکان ترسى ئەوەیان هەیە ململانێ لەسەر دۆخى سوپاى ئەمەریکا کە ئێستا لە ناوەندە سیاسییەکانى عێراقدا گەرمە بارودۆخى عێراق بخاتە بەردەم مەترسیی گەورە، چونکە دەستبەردار بوون لەو هێزە ئەمەریکیانە بۆشایی گەورەى فڕۆکەوانى و هەواڵگریی ئەوتۆ دروست دەکەن کە هەرگیز بەعێراق پڕ ناکرێتەوە، مانەوەو زیادبونى ژمارەشیان بەبێ حساب کردن بۆ داواکارییە عێراقییە بۆ چوونە دەرەوەيان، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ گەشەکردنى بانگەوازەکانى بەرەنگاریی و موقاوەمە کردنیان بەشێوە چەکداریی وەک چۆن ئێستا لاى هێزە ڕادیکاڵە شیعى و تەنانەت سوننەکانیش گەرمە.

 بەپێى ئەو ئاماژانەشى بەمدواییانە دەرچوون، هێزەکانى حەشدى شەعبى کە سەرقاڵى بەرەنگاربونەوەى داعش بوون لەناوەڕاستى عێراق و موسڵ، لەپاش هەڵبژاردنەکانەوە خەریکى جێگیرکردنى پایەى سیاسى و یاسایی خۆیانن و کەمتر چاویان لەپاراستنى ئاسایشە. ئەم هێزانە بەمدواییانە دەستیان کردووە بە پەلهاویشتنن بۆ دامودەزگا مەدەنى و ئابوورییەکان، لەم چوارچێوەیەشدا بەرێوەبەرێکى گشتییان لە دەسەڵاتى فڕۆکەوانى عێراق داناوە، جگە لەوەش لەلایەن وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى بەغداوە کە بەنگین رێکانییە لەپشکى پارتى کۆمپانیایەکى گشتى بیناسازییان پێ بەخشراوە، لەچەند رۆژى رابردووشدا ژمارەیەکیتر چالاکیی ئابوورییان هەبووە کە سەرجەمیان نوخبە سیاسى و ئاگادارەکەی شیعەیان خستۆتە بەردەم دڵەڕاوکێى دروستبوونى بۆشایی ئەمنى و گۆڕانى ئەرکى حەشد لە هێزێکى ئەمنی و سەربازییەوە بۆ دەزگایەکى خۆژێن لەسەر جومگە گرنگەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانى عێراق کە بەقازانجى پاشماوەکانى داعش و گروپە توندڕەوە یاخییەکان دەشکێتەوە.

ع.م