سەردێڕ:

ئەردۆغان ڕەتیکردووەتەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ببینێت

جۆن بۆڵتۆن لەکاتی جێهێشتنی تورکیا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-08

2683 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەتیکردووەتەوە چاوی بە جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بکەوێت و بۆڵتنیش بڕیاری داوە تورکیا جێبهێڵێت.

کەناڵی خەبەر تورک لە زاری سەرچاوەکانییەوە ئەمڕۆ سێشەممە (٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، ئەردۆغان ڕەتیکردووەتەوە دیدار لەگەڵ بۆڵتن ئەنجامبدات، دواتریش ئەو لێپرسراوە ئەمریکییە لەگەڵ ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا کۆبووەتەوە، بەرلەوەی ئەنقەرە جێبهێڵێت.

ئەو گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی سەرۆکی تورکیا لەکاتێکدایە، ئەردۆغان لێدوانەکانی بۆڵتنی لە ئیسرائیل دەربارەی سوریا بە "هەڵەی گەورە" ناوبردبوو.

ئەردۆغان لەوبارەیەوە ڕایگەیاندبوو، لێدوانەکانی دوێنێی جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە ئیسرائیل دەربارەی سوریا، هەڵەی گەورە و قورسن، ئەردۆغان لێدوانەکانی بۆڵتنی بە پڕوپاگەندە ناوبردبوو، کاتێک وتبووی تورکیا کوردەکان دەکاتە ئامانج و ئەو قسانەی بە "درۆ هەڵبەستنێکی دوژمنکارانە" ناوبرد.

ع.م