سەردێڕ:

تاهیر عەبدوڵڵا: گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی ٣٦% کەمیکردووە

تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
فۆتۆ: 
2019-01-08

950 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سلێمانی، کارزان تاریق

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی رابردووی فڕۆکەخانەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨دا گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بەراورد بە ساڵانی رابردوو ٣٦% کەمیکردووە.

تاهیر عەبدوڵڵا لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا ژمارەی گەشتیار و گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ساڵی رابردوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە بەشێوەیەک کە کاریگەری لەسەر بواری ئابوری فڕۆکەخانە دروستکردووە.

ناوبراو ئاشکرایکرد، ژمارەی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٨دا  ٣٠٩ هەزار و ٨٦٩ گەشتیار بووە، لە کاتێکدا ئەو ژمارەیەک لە ساڵی ٢٠١٧دا ٤٨٥ هەزار و ١٥٦ گەشتیار بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی رابردوودا گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە ڕێژەی ٣٦% کەمیکردووە و لە ئێستاشدا ڕۆژانە ١٥ هەزار دۆلار بەهۆی وەستانی گەشتەکانەوە زەرەر دەکەن.

تاهیر عەبدوڵڵا راشیگەیاند، وەستانی گەشتەکان و ئەو بارودۆخەی لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دروستبووە، کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر فڕۆکەخانەکە و بەپرسیارێتی ئەو دۆخەش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق.

ش.ق