سەردێڕ:

ئەمریکا: تا دڵنیا نەبین لە پاراستنی هاوپەیمانەکانمان لە سوریا ناکشێینەوە

هێشتا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا تەمومژاوییە
فۆتۆ: 
2019-01-08

9250 جار خوێندراوەتەوە

هێشتا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا تەمومژاوییە و هەر جارەی بەرپرسێکی ئەمریکی لێدوانێکی نوێ دەدات و کوردەکانیش لە ترسی بەئامانجکردنیان لەلایەن تورکیاوە بەناچاریی پەنایان بۆ دیمەشق بردووە.

 بەپێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشوویەوە، حکومەتی واشنتۆن لە ئێستادا دوو مەرجی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا داناوە، کە یەکێکیان پارێزگاریکردنە لە کوردەکانی ڕۆژئاوا و ئەوی تریشیان لەناوبردنی داعشە.

هەڵوێستێک کە جیاوازیی زۆرە لەگەڵ تویتەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ١٩ ی مانگی ڕابردوودا کاتێک وتی، داعشیان لە سوریا تێکشاندووە کە تاکە هۆکاری مانەوەی هێزەکانیان بووە لەو وڵاتە، هەربۆیە دەبێت بەزووترین کات خاکی سوریا جێهێڵن، کە ئەو کات مەترسی زۆری لەلای کوردی ڕۆژئاوای کوردستان دروستکرد و بە خیانەت ناویان برد.

بەڵام لە ئێستادا بەرپرسانی ئەمریکا بەدووری دەزانن بەمزووانە ئەو دوو هەزار سەربازەی کە لە سوریادان، خشتەیەکی کاتی هەبێت بۆ کشانەوەیان و جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش دەڵێت بە بێ گەرەنتی پارێزگارییکردن لە کورد، پاشەکشە ناکەن.

لەو چوارچێوەیەشدا ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، وەڵامی بۆڵتنی داوەتەوە و رایگەیاند، پروپاگەندەی کردنە ئامانجی کوردەکانی سوریا لەلایەن تورکیاوە بێ بنەمایە.

باسی لەوەشکرد پەیەدە و یەپەگە و پەکەکە، بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە سوریا دەخەنە مەترسییەوە بۆیە یەکێک لە ئامانجەکانی تورکیا بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانەیە نەک کوردەکان.

لە ترسی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراویش بۆ سەر شارۆچکەی منبج و دواتریش ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، لایەنە کوردییەکان سەرقاڵی گفتوگۆ و ڕێککەوتنن لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، تا سنورەکانیان لەگەڵ تورکیا بپارێزن.

ئەوە لە کاتێکدایە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناکۆکی لەناو حکومەتی واشنتۆن دروستکردووە و وایکرد وەزیری بەرگری و نوێنەری تایبەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستبەرداری پۆستەکانیان بن.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئاژانسی دی بی ئای ئەڵمانی لە زاری سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوورەوە بڵاویکردەوە،  لە رۆژی چواری مانگەوە  بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا کە پێشتر لە سوریا جێگیربوون بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کورستان جوڵەیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزەی ئەمریکا نزیکەی سه‌د ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورەیان لەگەڵدابووە کە کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل و کەرەستەی سەربازیان هەڵگرتووە و بەرە ناوچە سنورییەکانی هەرێم جوڵەیان پێکراوە.