سەردێڕ:

گروپێکی چەکداری شیعە هەڕەشەی لێدانی هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە عێراق

داوا لە حکومەت و پەرلەمان دەکات هەڵوێستیان هەبێت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-07

4189 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاشکرایکرد، چاودێری بڵاوبوونەوە و جموجوڵی نوێی هێزەکانی ئەمریکایان کردووە لە ناوخۆیی عێراق و هەڕەشەی لێدانی ئەو هێزانەی کرد، ئەگەر حکومەت و پەرلەمان نەتوانن سنورێک بۆ ئەو مامەڵە و هەڵسوکەوتی ئەو هێزانە دابنێن.

جەواد تەلیباوی وتەبیژی عەسائیبی ئەهلی حەق لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە (٧ی کانونی دووەمی ٢٠١٩)  ڕایگەیاند، لای گەلی عێراق شاراوە نییە گەڕان و هاتوچۆی ژەنەڕاڵ ئۆستن لە شەقامەکانی بەغدا، پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری وڵاتە و وەک دەستدرێژییەک وایە بۆسەر ئیرادەی گەل کە هەموو بونێکی هێزی بیانی لەسەر خاکی عێراق ڕەتدەکاتەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوان بە چاوێکی توڕەوە سەیری سەردان و گەڕانەکانی جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا دەکەن لە شەقامەکانی بەغدا.

تەلیباوی ڕایگەیاندووە "ئەوان لە نزیکەوە چاودێری بوون و بڵاوبوونەوە و جموجوڵە نامەشروعەکانی سەربازی ئەمریکا دەکەن لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی وڵاتدا".

داواشی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانیش کرد، هەڵوێستی ئاشکرا و یەکلاکەرەوە ڕابگەیەنن سەبارەت بە جموجولەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە شەقامەکانی بەغدا.

وتەبێژی عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، ئەگەر دیپلۆماسیەتی عێراق نەتوانێت هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت، ئەوا ئەوان ئامادەن بە ڕووی هێزەکانی ئەمریکادا بوەستنەوە و سنورێک بۆ جموجوڵەکانیان دابنێن لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا.

ئەو هەڕەشەیەی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە کاتێکدایە، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە ڕانەگەیەنراوە لەو بارەیەوە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو  ٥ی کانونی دووەمی ٢٠١٩ چەند وێنەیەکی ژەنەڕاڵ ئۆستن ڕینفۆرس فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هاوڕێیەتی جەلیل ڕوبەیعی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی پایتەخت بڵاوبۆیەوە کە بە شەقامی موتنەبی بە ناوبانگی بەغدا دا گەڕان، گەڕانەکەیان هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەو وێنانەش بووە مایەی نیگەرانی ناوەندە سیاسییەکانی شیعە.

هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٠ کۆتایی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی خۆیان هێنا لە عێراق.

ع.م