سەردێڕ:

نازم دەباغ: ناردن و فرۆشتنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ ئێران بەردەوامە

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-07

2081 جار خوێندراوەتەوە

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایگەیاند، سه‌پاندنی سزاکانی ئەمریکا به‌سه‌ر ئێران كاریگه‌ری ئه‌وتۆی له‌سه‌ر بازرگانی نێوان عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی نەبووە و تا ئێستاش ناردن و فرۆشتنی نه‌وت لە هەرێمەوە بۆ ئێران رۆژانە به‌رده‌وامه‌.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا نازم دەباغ سەبارەت بە کاریگەری سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، تا ئێستا گۆڕانکاری ئەوتۆ لەشێوازی مامەڵەی بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران رووینەداوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەردەوامی بازرگانی عێراق و هەرێم لە گەڵ ئێران زیانی بۆ کورد نییە و بەپێچەوانەوە ئەوەی زیان بە کورد دەگەیەنێت، پێش هەموو کەس ئەو وڵاتانەن کە کورد تیایدا دەژی، ئەگەر ئەو وڵاتانە پارێزگاری لەکورد بکەن هۆکارە دەرەکییەکان بەوشێوەیە کاریگەرییان نابێت".

نازم دەباغ ئاماژەی بەوەشکردووە، دوور نیە بەشێک لە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە "کوردانی عێراق"ەوە هەبێت کە چەند رۆژ پێش ئێستا رایگەیاندبوو، خۆشحاڵ نییە بە فرۆشتنی نەوت بە ئێران لەلایەن کوردەکانەوە.

 ناوبراو رایگەیاندووە، "ده‌بێت كورد زیره‌كانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات و پشت به‌وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی وه‌ك ئه‌مریكا و ڕوسیا نه‌به‌ستێت، زیاتر دراوسێكان بۆ كورد گرنگترن، من ترسم هه‌یه‌ وڵاته‌ دراوسێكانمان پشتمان لێبكه‌ن نه‌ك وڵاتانی ده‌ره‌كی".

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران دووپاتیشیکردووەتەوە، "من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیم چالاكی و بازرگانی و فرۆشتنی نه‌وت ڕابگرین و جارێكی تر خۆمان توشی قه‌یرانی گه‌وره‌ی تر بكه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت كورد خۆی بپارێزێت له‌و شه‌ڕه‌ لاوه‌كیه‌ی له‌ساحه‌ی ئه‌و له‌سه‌ر حسابی ئه‌و ده‌كرێت كه‌ ئه‌مریكا دژایه‌تی ئێران بكات، بۆیه‌ باشترین ڕێگا خۆبه‌ستنه‌وه‌ی كورده‌ به‌ سیاسه‌تی عیراق، ده‌بێت فرۆشتنی نه‌وت به‌ ئێران به‌رده‌وام بێت تا ئه‌وكاته‌ی عیراق ده‌ڵێت نا."

ش.ق