سەردێڕ:

ئیسرائیل داوای ٢٥٠ ملیار دۆلار قەرەبوو لە عێراق و پێنج وڵاتی عەرەبی دەكات

فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-07

8366 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی تایم ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بەرامبەر بەزۆر کۆچپێکردنی هاوڵاتییانی جولەکە لە شەش وڵاتی عەرەبییەوە، حكومەتی ئیسرائیل داوای ٢٥٠ ملیار دۆلار قەرەبوو لەو وڵاتانە دەکات.

ڕۆژنامەکە پلانێكی حكومەتی ئیسرائیلی ئاشكرا كرد كە بەپێی پلانەكە حكومەتی ئیسرائیل داوای ٢٥٠ ملیار دۆلار قەرەبوو دەكات، وەك قەرەبویەك بۆ موڵك و ماڵی ئەو هاوڵاتیە جولەکانەی كە لە سەرەتای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە بەزۆر كۆچیان پێكراوەو دەست بەسەر ماڵ و موڵكیاندا گیراوە.

 ئەو وڵاتانەی كە داوای قەڕەبویان لێدەكرێت هەریەکە لە عێراق و میسر و سوریا و یەمەن و مەغریب و تونسە، كە جولەکەکانی ئەو وڵاتانە بە زۆر كۆچیان پێكراوە و دەست بەسەر ماڵ و موڵكیاندا گیراوە.

هەروەها ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردوە كە ئەم داواكاریەی ئیسرائیل وەك مەرجێك دەبێت بۆ ڕازی بوون بە ڕێكەوتنی سەدە كەلەلایەن ئەمەریكاوە ڕاگەیەنراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئیسرائیل و فەلەستین. و پێش مەرجێكیشە بۆ ئاسای كردنەوەی پەیوەندیەكانی ئیسرائیل لەگەل وڵاتانی عەرەبی دا.

بەپێی یاسای قەرەبوی هاوڵاتیانی جولەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن كنێستی ئیسرائیلەوە پەسەند كراوە، پێویستە حكومەتی ئیسرائیل پاراستن و گیرانەوەی مافی هاوڵاتیانی جولەکە بكات بە پێشمەرج بۆ هەر ڕێكەوتنیك كە لەگەل ئەو وڵاتانەدا ئەنجام بدریت، كە دەستیان بەسەر مال و موڵكی هاوڵاتیانی  جولەکەدا گرتوە.

لەساڵانی ١٩٤٨ و سەرەتای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە تا ساڵانی كۆتای حەفتاكان ٨٥٦ هەزار هاوڵاتی جولەکە لە وڵاتانی عەرەبیەوە كۆچیان پێكراوە بۆ ئیسرائیل و دەست بەسەر ماڵ و موڵكیاندا گیراوە، كە كۆی زەوییە دەستبەسەرا گیراوەكانیان  زیاترە لە ١٠٠ هەزار كیلۆمەتر كە چوار هێندەی ڕووبەری ئیستای ئیسرائیلە كە ٢٢ هەزار كیلۆمەترە.

ئ. ف