سەردێڕ:

٩٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنى سوپاى عێراق تێپەڕی

سوپاى عێراق بۆ یەکەمجار و لەسەردەمى شا فەیسەڵى یەکەم بەچاودێرى بەریتانییەکان دامەزراوە
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-07

1981 جار خوێندراوەتەوە

دامودەزگا فەرمییەکانى عێراق نەوەدوهەشتەمین ساڵیادى دامەزراندنى سوپاى عێراقیان کردەوە، لەکاتێکدا رۆژ لەدواى رۆژ رۆڵى ئەم دەزگا دەوڵەتى و دێرینە بەرامبەر هەژموونى گروپە چەکدارە فەرمى و نافەرمییەکانى حەشدى شەعبى لەپاشەکشەدایە.

سوپاى عێراق بۆ یەکەمجار و لەسەردەمى شا فەیسەڵى یەکەم بەچاودێرى بەریتانییەکان دامەزراوە، یەکەم پێکهاتەى ئەم سوپایەش بۆ ڕاگرتنى دڵى شیعەکان کە زۆرینەى عێراق پێکدەهێنن بەناوى فەوجى "ئیمام موساى کازم"ـەوە ناونراوە کە یەکێکە لە ١٢ رێبەر و پێشەوا پیرۆزەکەى شیعە، بەڵام لەپاش کودەتا خوێناوییەکانى ١٩٥٨ و ١٩٦٣ جڵەوى ئەم سوپایە کەوتووەتە دەست هێزە نەتەوەیی و بەعسییەکان و وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنى بزوتنەوەکانى کورد و دواتریش ڕاپەڕینى ١٩٩١ شیعەکان بەکارهێنراوە.

لە ساڵى ١٩٩٠ سوپاى عێراق ریزبەندیی چوارەمە هەبووە لەسەر ئاستى جیهان بەڵام لەژێر کاریگەریی ئەو گورزانەى لە جەنگەکانى کەنداوى یەکەم و دووەمدا بەری کەوت و بەهۆى هەڵوەشاندنەوەیەوە لە ٢٠٠٣ بەفەرمانى بریمەر، بەر لەوەى دووچارى هێرشى داعش ببێتەوە، لە ئێستادا چلوحەوتەمین سوپاى جیهان پۆلێن کراوە، فەرماندە پێشوەکانیشى زۆربەیان خانەنشین کراون، چونکە بەپێى یاساى دادگەریی و لێپرسینەوە کە درێژکراوەى ریشەکێشکردنى ئەوانەى لە رژێمى پێشوودا، گەشتونەتە پلەى ئەندام فیرقە مافى کارکردنیان لەدەوڵەتدا نییە مەگەر هەڵاواردەیان بۆ بکرێت.

سوپاى عێراق لەکاتێکدا ساڵیادى خۆى دەکاتەوە کە چەندین گروپى چەکدارى فەرمى و نافەرمى لەژێر ناوى "حەشدى شەعبى" دا لەگەڵیدا ڕکابەریی دەکەن بۆ شانازیکردن لەپاراستنى خاکى عێراق بەرامبەر مەترسیی داعش کە لەساڵى ٢٠١٤ هەرەسى گەورەى بەسوپا هێناو لە موسڵەوە تا سامەڕا و پشتێنەى بەغدا فیرقەکانى  (٢،٣،٤،١٢،١٨) ى ڕاماڵى کە لە دەوروبەرى ٧٠ هەزار سەرباز و پلەدار پێکهاتبوون و هەرچى چەک و تەقەمەنیشى هەبوو بە غەنیمەت بردى.

تا ئێستا ئامارێکى یەکلایی لەسەر هێزەکانى حەشد لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێى لیستى مووچە ژمارەیان لە ١٠٠ هەزار چەکدار زیاترە و لە ئابى ٢٠١٦ هادى عامریی سەرۆکى رێکخراوى بەدر، کە میلیشیاکەى پێکهێنەرێکى حەشدە، بەشانازییەوە رایگەیاند، ئێستا ئەوان لەسوپاى عێراق بەهێزترن و چەک و تەقەمەنى لەوانیش پێشکەوتووتریان هەیە.

لەڕووى تفاقیترى سەربازییەوە ئیستا هێزەکانى حەشد بەپێى یاسا نوێیە دەرچوێنراوەکان هەمان ئیمتیازانى سوپایان هەیە و لەرێگەى حکومەتیشەوە رێژەیەکى بەرچاو چەکى ئەمەریکی و ڕوسى و ئێرانی ـ یان دەستکەوتووە کە لەکاتى جەنگى داعشدا وەک یارمەتى بەعیراق دەدران.

لەڕووى مەیدانییەوە سوپاى عێراق هیچ دەسەڵاتێکى بەسەر گروپە چەکدارەکانى شیعەدا نییەو هەندێکیش لەو گروپانە بەڕاوێژکاریی فەرماندەکانى سوپاى پاسداران جموجوڵ دەکەن، ئەمەش وەها دەکات ساڵیادەکانى سوپا زیاتر ڕەمزى و فەرمى بێت و خەڵکى عێراق حەماس و جۆش و خرۆشیان بۆى نەبێت.

کورد بەهۆى یادەوەرى تاڵیان لەگەڵ سوپاى عێراق هەمیشە بایکۆتى ئەم ساڵیادە دەکەن، فەرمانڕەوا شیعەکانى ئێستاى عێراق و پارێزگاکانى باشورى ئەم وڵاتەش هەمیشە دردۆنگ و ساردن بەرامبەر سوپا چونکە لەتێکەڵەیەکى بێ عەقیدە پێکدێت کە بەشى زۆرى فەرماندەکانی پێشتر بەعسى بوون و لەراستیشدا ئەوەى ئێستا شیعەکان دەپارێزێت هێزەکانى حەشدە لە شەڕى داعشدا ئەم پێکهاتەیان لەمەترسیی لەناوچوون پاراست و بۆ یەکەمجاریش لەدواى ٢٠٠٣ و لەپاش ریفراندۆمى ئەیلولى ٢٠١٧ پارێزگاى کەرکوکیان بۆ ژێر سایەى دەسەڵاتى بەغدا گێڕایەوە.

هــ.حـ

‌بەپەلە