سەردێڕ:

بوڵتن: ئێران مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروستبکات هێزەکانمان ناکشێنینەوە

جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مریكا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-07

3357 جار خوێندراوەتەوە

جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مریكا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروستبکات، ئەمریکا هەرگیز هێزەکانی خۆی لە سوریا ناکشێنێتەوە.

جۆن بۆڵتن ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا کاتێک لە سوریا بە شێوەیەکی تەواوەتی دەکشێتەوە کە مەترسی لەسەر ئارامی وڵاتی ئیسرائیل دروست نەبێت.

ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەوان ئاگاداری جمجوڵەکانی ئێرانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە ئێستادا ئەو وڵاتە سەرقاڵی دابەشکردنی چەکە بەسەر ژمارەیەک گروپی چەکدار، هەتا دژ بە ئیسرائیل شەڕ بکەن.

سەبارەت بە نەکشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا لە دوای بڕیارەکەی ترەمپ، بۆڵتن باسی لەوەش کرد، کشانەوەی دوو هەزار سەرباز لەناکاو نابێت، بەڵکو بەپێی ئەو مەرجە دەبێت، کە تورکیا گەرەنتی بدات هێرش ناکاتە سەر شەڕەڤانانی کورد، کە هاوپەیمانی هێزەکانی ئەمریکان و ئێران مەترسی دروستنەکات لەسەر وڵاتانی دراوسێی سوریا.