سەردێڕ:

پاپای ڤاتیکان ئەمڕۆ قسەی لەسەر کۆچبەران کردووە

پاپای فرانسیس
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-06

5219 جار خوێندراوەتەوە

پاپا فڕانسیس لە ڤاتیکانەوە ئەمڕۆ یەکشەممە (٦ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) داوای لە سەرانی ئەوروپا کرد ناکۆکییەکانیان ڕابگرن سەبارەت بە چارەنوسی ٤٩  کۆچبەر کە لە دەریای ناوەڕاستدا بێ هیوا ماونەتەوە.

پاپا  لەبەردەم ٦٠ هەزار کەس لە شوێنکەوتوانی، باسی لە ناکۆکی دیپلۆماتیکی نێوان ئیتالیا و ماڵتا کرد و ئاماژەی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان لێپرسراوانی حکومەتی ئیتالیا کرد.

پاپا فڕانسیس لە وتەکانیدا ئەمڕۆ کەمێک لە شێوازی ئاسایی خۆی دەنگی بەرزکردەوە و وتی "داوای دڵسۆزانە لە سەرکردەکانی ئەوروپا دەکەم هەماهەنگی و هاوکاریی خۆیان بەرجەستە بکەن لەگەڵ کۆچبەران، ئەوانەی لە هەوڵی ئەوەدان بگەنە بەندەرێکی ئارام تا لەنگەری لێ بگرن".

ئەو وتانەی پاپا لە کاتێکدایە، ٣٢ کەس لە سەر کەشتی (سی وۆچ ٣)ن، کە لەلایەن ڕێکخراوێکی فریاگوزاریی ئەڵمانیاوە بەڕێوەدەبرێت و ڕۆژی ٢٢ ی مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوو لە کەنارە ئاوییەکانی لیبیادا ڕزگار کراون، کە لە بەلەمێکی خراپدا بوون، لەناو ئەو ژمارەیەدا ٣ منداڵ و ٤ مێردمنداڵ هەیە، هەروەها ١٧ کۆچبەری دیکەش لە کەشتییەکی دیکەی ئەڵمانیدان بە ناوی ( سی ئەی) کە ڕۆژی ٢٩ی هەمان مانگ ڕزگار کراون.

لەلایەکی ترەوە ٢٤ ڕێکخراوی خێرخوازیی لە ناویشیاندا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کرد بەندەرێکی ئارام بۆ لەنگەرگرتنی ئەو دوو کەشتییە دابین بکات.

ع.م