سەردێڕ:

وردەکاری ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی پێش سەردانەکەی تڕەمپ بۆ عێراق ئاشکراکرا

سەردانی تڕەمپ بۆ عێراق
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
فۆتۆ: رۆیتەرز
2019-01-06

16392 جار خوێندراوەتەوە

رۆژێک پێش ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی کوتوپڕ بگاتە عێراق، ئەمریکا هێزی بردووەتەوە سەر سنوری سوریا و بنکە سەربازییەکانی لە هەرێم داخستووە.

ماڵپەری روسیا تودەی نهێنی و ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ئەمریکای پێش سەردانە کتوپڕەکەی دۆناڵد تڕەمپ  سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لەکانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بڵاوکردەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی لە عێراق بە ماڵپەڕی روسیا تودەی راگەیاندوە، ئەو هێزەی سوپای ئەمریکا کە لە نیوەی مانگی ١ی ساڵی رابردوو لە سنوری سوریا و عێراق کشانەوە، رۆژێک پێش سەردانەی تڕەمپ بۆ بنکەی عەین ئەسەد، گەڕێندراونەتەوە  بۆ شوێنی خۆیان لەسەر سنوری سوریا.

راشیگەیاندووە، "ئەو کارمەندە عێراقییانەی لە بنکەی عەین ئەسەد لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کاردەکەن، لە ڕۆژی سەردانکردنی تڕەمپ دەوامی ئەو رۆژەیان بۆ کراوە بە مۆڵەت بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانن".

ئاماژەی بەوەشکردووە،" بنکەی نهێنی ڕانیە لە پارێزگای سلێمانی، رۆژێک پێش سەردانەکەی تڕەمپ داخراوە و سەرجەم دۆسیە و بەڵگەنامە تایبەتەکانی دەرهێنراوە".

ئەوەشی راگەیاندووە، "بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر رۆژێک پێش سەردانەکەی تڕەمپ داخراوە و دواتر کراوەتەوە، ئەو کارمەندە عێراقییانەی لەو بنکەیە کاردەکەن سێ رۆژ پێش سەردانەکەی تڕەمپ لە بارودۆخێکی قورسدا ژیاون و پێیان وابووە دەردەکرێن، دواتر هەندێکیان بەبێ هیچ هۆکارێک لە نێوان بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا جێگۆڕکێیان پێکراوە".

ئەو سەرچاوە ئەمریکییە رایگەیاندووە، " کاتێك تڕەمپ گەشتووە بە بنکەی عەین ئەسەد پەڕاوێکی پڕ لە واژۆی بە سەرکردەیەکی عێراقی کردووە، بێ ئەوەی ناوی ئەو سەرکردە عێراقییە ئاشکرابکرێت".

ئەو سەرچاوەی روسیا تودەی جەختیکردووەتەوە، "حکومەتی عێراق هیچ زانیارییەکی لەسەر کاتی سەردانەکەی تڕەمپ نەبووە، جگە لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران کە دوو کاتژمێر پێش سەردانەکە ئاگادارکراوەتەوە".

لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨، کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەشێوەیەکی کتوپڕ سەردانی عێراقی کردووە.

ئ. ف